بە ڤیدیۆ.. لەبەر ئەوەی گۆڵێکی بەهەڵە لەخۆیان کردەوە بەرگریکارێکی کۆلۆمبی کوژرا

سەربوردەی مۆندیال.. لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا ماڕادۆنا دوو گۆڵی مێژوویی کرد

لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا دیێگۆ ئارماندۆ ماڕادۆنا لە مۆندیالی 1986 لە مێکسیکۆ بەرامبەر ئینگڵاند دوو گۆڵی مێژوویی کرد، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی دوای ئەوەی نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، ماڕادۆنا لە خولەکی 51 بە دەست گۆڵی تۆمارکرد، گەرچی چەند یاریزانێکی ئینگڵاند زۆر هاواریان کرد و بە ناوبژیوانیان گوت بە دەست گۆڵەکەی کردووە، بەڵام عەلی ناسڕی ناوبژیونای توونسی گۆڵەکەی هەژمارکرد و ئەو گۆڵە بە گۆڵی دەستی خودا ناوزەد کرا.

هەر لەو یارییەدا مارادۆنا دوای چوار خولەکی دیکە گۆڵیکی دیکەی مێژوویی تۆمارکرد، کە تاکو ئێستا دەگێڕدرێتەوە، ماڕادۆنا دوای بڕینی پێنج یاریزانی ئینگلتەڕا گۆڵی دووەمی بۆ سەماکارانی تانگۆ تۆمارکرد و دوای یاریکردن بە بەرگریکارانی سێ شێرەکان ماڕادۆنا دووانەی لە یارییەکە تۆمارکرد.

ئارجێنتینا بە سەرکردایەتی ماڕادۆنا دوای بردنەوەی لە ئینگڵاند، لە بەلجیکاشی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی، لەویش بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە ئەڵمانیای بردەوە و ئارجێنتینا بووە پاڵەوانی مۆندیالی 1986، کە ئەو مۆندیالە بەناوی ماڕادۆنا کرا و ماڕادۆنا پێنج گۆڵی بۆ تانگۆ تۆمارکرد.

لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا یارییەکی مۆندیالی 1994 بووە هۆی ئەوەی بەرگریکارێکی کۆلۆمبی بکوژرێت.
لە یاریی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 1994 دوای ئەوەی کۆلۆمبیا یاریی یەکەمی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە رۆمانیا دۆڕاند، رووبەڕووی ئەمریکا بووەوە، بەڵام ئاندرێس ئیسکۆبار لەو یارییەدا بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردەکەی بدۆڕێت، کاتێک لە خولەکی 34 گۆڵێکی بەهەڵە لەخۆیان کردەوە و ئەمریکا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردییەوە.

دۆڕانی کۆلۆمبیا بەرامبەر ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی بەفەرمی ماڵئاوایی لە مۆندیال بکات و پێچەوانەی پێشبینییەکان لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە لە مۆندیالی رووسیا بچێتە دەرەوە، کۆلۆمبیا سەرەڕای ئەوەی لە یاریی سێیەمی لە سویسڕای بردەوە بەڵام سەرکەوتنەکەی بێ سوود بوو.

10 رۆژ دوای ئەوەی گۆڵەکەی بەهەڵە لەخۆیان کردەوە، سێ کەس کاتژمێر سێی سەرلەبەیانی بە 12 گوللە ئیسکۆباریان کوشت و گیانی ئەو بەرگریکارە 27 ساڵانە بووە قوربانی گۆڵێک، لەکاتێکدا پێش ئەوەی مۆندیال دەستپێبکات ئیسکۆبار لە لێدوانێکی دا گوتبووی بۆیە من یاریی تۆپی پێ دەکەم، چونکە وەکو یاریی زۆرانبازی و یارییە کوشتارییەکانی دیکە نییە کەس لە تۆپی پێدا نامرێت.