تیۆ هێرناندێز دوو هەفتە لە ریال مەدرید دادەبڕێت

پێکان تیۆ لە چوار یاریی داهاتووی ریال مەدرید بێبەش دەکات

K24- هەولێر

تیۆ هێرناندێز بەهۆی پێکانەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ریال مەدرید دادەبڕێت، بەڵام ئەم بەرگریکارە فڕەنسییە پێویستی بە ئەندامدانی نەشتەرگەری نییە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، تیۆ بەهۆی ئەو پێکانەی لە دوایین یاریی یانەکەی بەرامبەر ریال سۆسیداد لە شانی تووشی بوو، ناتوانێت بۆ ماوەی دوو هەفتە بەشداریی یارییەکانی ریال مەدرید بکات و لە یارییەکانی ریال بیتیس، دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، ئیسپانیۆل و بۆرووسیا دۆرتمۆند بێبەش دەبێت.

گەرچی سەرەتا واپێشبینی دەکرا تیۆ پێویستی بە نەشتەرگەریکردن هەبێت، بەڵام پشکنینەکان دەریانخستووە پێکانەکەی تیۆ ئەوەندە سەخت نییە و دوای دوو هەفتەی دیکە دەتوانێت لە یاریی بەرامبەر گیتافێ دەست بە یاریکردن بکاتەوە.