زیدان و رامۆس پەیوەندییان بە رۆناڵدۆوە کردووە

دوای بڵابوونەوەی دەنگۆی رۆیشتنی لە ریال مەدرید

K24- هەولێر

زینەدین زیدان و سێرخیۆ رامۆس پەیوەندییان بە کریستیانۆ رۆناڵدۆوە کردووە و لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی رۆیشتنی لە ریال مەدرید قسەیان لەگەڵ هێرشبەری یانەکەیان کردووە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا ئاشکرایکردووە، زینەدین زیدانی بەڕێوەبەری هونەری ریال مەدریدی ئیسپانی گەرچی لە ئیتاڵیا لەگەڵ هاوسەرەکەی خەریکی پشوو وەرگرتنە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بڕیاری رۆیشتنی رۆناڵدۆ، پەیوەندیی بە کریستیانۆوە کردووە و داوای لێکردووە لە ریال مەدرید بمێنێتەوە.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی مارکا، زیدان بە رۆناڵدۆی گوتووە پێویستیان پێیەتی و گرنگی دۆنی لە یانەکەی بە هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە گوتووە، بەڵام رۆژنامە مەدریدییەکە رایگەیاندووە ئەگەر زیزۆ بزانێت رۆناڵدۆ لەسەر رۆیشتنی سوورە، ئەوا رێگری لێناکات، بۆ روونبوونەوەی دوابڕیاری رۆناڵدۆ، دوای کۆتایی هاتنی جامی کیشوەرەکان زیدان لەگەڵ کریس دادەنیشێت.

جگە لە زیدان، سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی ریال مەدریدیش پەیوەندی بە رۆناڵدۆوە کردووە و لەبارەی دەنگۆکانی ئەم دواییە قسەی لەگەڵ کریستیانۆ کردووە، پێش رامۆسیش نزیکبوو ریال مەدرید جێبهێڵێت و رووبکاتە مانچێستەر یونایتد، بەڵام دواجار فلۆرێنتینۆ پێرێز توانی رامۆس بە مانەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رازی بکات.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی