بارسێلۆنا داوای لە کۆتینهۆ و دێمبلی کردووە لە یانەکانیان یاخی بن

K24- هەولێر

زنجیرە درامای گواستنەوەی فیلیپ کۆتینهۆ و عوسمان دێمبلی بۆ بارسێلۆنا بووەتە درامای هەڵاتنی گەورە، هەردوو یاریزانەکە لە راهێنانەکانی لیڤەرپوول و بۆرووسیا دۆرتمۆند هەڵهاتوون و ئامادە نین بەشداریی یارییەکانی یانەکەیان بکەن، لەپێناوی ئەوەی گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبکرێت.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەیدا نووسیویەتی 'کۆتینهۆ و دێمبلی یاخیبووینە'.
دێمبلی لەوەتەی پێنجشەممەوە راهێنانەکانی بۆرووسیا دۆرتمۆندی بەجێهێشتووە تاکو ئێستا ئامادە نییە بگەڕێتەوە راهێنانەکانی بۆرووسیا و ئەو هێرشبەرە 20 ساڵانە سوورە لەسەر ئەوەی لەم هاوینە پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆناوە بکات، ئەمەش بووە هۆی جێگای رەخنەی میدیاکانی ئەڵمانیا و بەشێک لە میدیا ئەڵمانییەکان ئەم هەڵسوکەوتەی دێمبلی 20 ساڵانیان بە 'منداڵانە' وەسفکردووە.
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی ئەڵمانیا، دێمبلی تاکو ئێستا ئامادە نییە لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی بۆرووسیا دۆرتمۆند گفتوگۆ بکات، کەچی لە نوێترین لێدوانیدا ڤاتسکێی سەرۆکی دۆرتمۆند دەڵێت هەر کەسێک دێمبلی دەوێت با 500 ملیۆن یۆرۆ بژمێرێت.
گەرچی لیڤەرپوول بە بەیاننامەیەک مانەوەی کۆتینهۆی لە بارسێلۆنا راگەیاند، بەڵام کۆتینهۆ هێشتا پێداگیری لەسەر چوونی بۆ بارسێلۆنا دەکات و بە بیانووی پێکانەوە ئامادە نییە بەشداریی یارییەکانی لیڤەرپوول بکات.
تاکو رۆژی سێشەممە کۆتینهۆ کاتی لەبەردەمە بۆ ئەوەی بەرپرسانی لیڤەرۆوول رازی بکات بەڕێیبکەن، ئەگینا ئەگەر سێشەممە لە پاڵاوتنی چامپیۆنزلیگ بەشداریی یاریی بەرامبەر هۆفینهایمی ئەڵمانی بکات، ئەوا لەوانەیە کۆتینهۆ خەونی پۆشینی درێسی بلاوگرانای لەدەست بچێت.
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی بەریتانیا، بارسێلۆنا داوای لە کۆتینهۆ و دێمبلی کردووە لە یانەکانیان یاخی بن، بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت یانەکانیان بەجێبهێڵن، بەڵام هێشتا بەرپرسانی هەردوو یانە ئامادە نین بەڕێیان بکەن، تەنانەت یۆرگن کلۆپ لە نوێترین لێدوانی رایگەیاند، ئامادە نین لە کاتی دەتسپێکردنی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ دەستبەرداری یاریزانێکیان بن و رایگەیاند، ئەگەر کۆتینهۆ زووتر داوای رۆیشتنی لێکردبان، لەوانەبوو ئەوکات رێگەیان لێ نەگرتبایە.
بارسێلۆنا ئامادەیە ئەو 222 ملیۆن یۆرۆیە لە فرۆشتنی نێیمار دەستی کەوت، لە پێناوی کڕینی کۆتینهۆ و دێمبلی بیدات، کەچی هێشتا نەیتوانیوە پۆرۆسەی گواستنەوەی ئەم دوو یاریزانە تەواو بکات.

 

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی