بە ڤیدیۆ.. کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ منداڵێک: مێسی خراپە

گفتوگۆی نێوان منداڵێک و کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەبێت

کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێش دەستپێکردنی یاریی ریال مەدرید و دیپۆرتیڤۆ لاکەڕۆنیا لە کاتی گفتوگۆی لەگەڵ منداڵێک مێسی بە خراپ ناو دەبات.

رۆژنامەکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە و گرتەیەکیان بڵاوکردووەتەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یاریزانەکانی دیکەی ریال مەدرید لە توونێلی یاریگە پێش ئەوەی بێنە سەر لاکێشەی سەوز و یارییەکەیان بەرامبەر لاکەڕۆنیا ئەنجام بدەن، کە مێرێنگی 7-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، یەکێک لەو مندالانەی لە کاتی هاتنە ژوورەوەی یاریزانانی هەردوو یانە دەستیان دەگرن بە کریس دەڵێت 'بە لای منەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ تۆ باشترینی، منداڵەکە ناوی مێسیش دەهێنێت و دەیەوێت قسەکەی تەواو بکات، بەڵام کریستیانۆ قسەکەی دەبڕێت و دەڵێت 'مێسی خراپە'، منداڵەکەش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت 'خراپترینە'، ئەمەش دەبێتە هۆی جێگای رەزامەندی کریستیانۆ و بە دەست ئاماژەی 'ئۆکەی' بۆ دەکات.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی هەریەکەیان پێنج تۆپی زێڕینیان بەدەستهێناوە و رکابەریی سەر سەختی یەکترین و کریستیانۆ کاتێک لەلایەن گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵەوە بە باشترین یاریزانی ساڵی رابردوو دەستنیشانکرا، خۆی بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ هەژمارکرد.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ لاکەڕۆنیا دووانەی تۆمارکرد و ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەی لالیگا گەیاندە 6 گۆڵ، مێسیش وەڵامی دایەوە و ئەویش بەرامبەر ریال بیتیس دووانەی کرد و لە پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگا ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 19 گۆڵ.