بە ڤیدیۆ.. لۆس ئانجلۆس گالاکسی بە فەرمی گواستنەوەی ئیبراهیمۆڤیچی بۆ ریزەکانی راگەیاند

بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش یانە ئەمریکییەکە ئیبرای بە میدیاکان و هاندەران ناساند

یانەی لۆس ئانجلۆس گالاکسی بەفەرمی گواستنەوەی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی هێرشبەری بەناوبانگی سوێدی بۆ ریزەکانی راگەیاند.

دوای ئەوەی ئیبراهیمۆڤیچی 36 ساڵان گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد هەڵوەشاندەوە، یانەی لۆس ئانجلۆس گالاکسی بەفەرمی گواستنەوەی ئیبرای راگەیاندووە و بەگوێرەی سەرچاوەکانی تۆڕی سکای سپۆرتسی بەریتانیش ئیبرا رۆژی 31ی ئەم مانگە یەکەم یاریی خۆی بە درێسی یانەکەی ویلایەتی کالیفۆرنیا ئەنجام دەدات، کە بەهۆی پێکانەوە ئیبرا تەنیا 7 یاری لەم وەرزە بۆ مان یونایتد ئەنجام دا.

لۆس ئانجلۆس لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش سوڵتانە سوێدییەکەی بە میدیاکان و هاندەران ناساند و تیایدا ئیبرا بە شێر دەچوێنێت، کە ئیبرا پێشتر یاریی بۆ یانەکانی مالمۆی سوێدی، ئەیاکس ئامستەردامی هۆڵەندی، یۆڤێنتۆس و ئینتەر و ئەیسی میلانی ئیتالی، بارسێلۆنای ئیسپانی، پاریس سانجێرمانی فڕەنسی و مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی کردووە و ئەمە نۆیەمین یانەیە یاریی بۆ بکات.