بەڤیدیۆ: بۆرخا مایۆرال کێیە؟

بۆرخا مایۆرال بووە یەکێک لە بچووکترین گۆڵکارەکانی مێژووی ریال مەدرید
kurdistan24.net

K24- هەولێر

بۆرخا مایۆرال لەگەڵ یانەی ریال مەدریددا یەکەم گۆڵی بە درێسی یانەکەی تۆمارکرد و ئەو هێرشبەرە 20 ساڵانە لە یاریی نێوان ریال سۆسیداد و ریال مەدرید سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشا.

مایۆرال شەوی رابردوو بەرامبەر ریال سۆسیداد بەهۆی سزادرانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و پێکرانی کەریم بێنزێما بۆیەکەمجار بە شێوەی سەرەکی یاریی بۆ یانەی ریال مەدرید کرد و گۆڵێکی کرد و بووە هۆکاری تۆمارکرانی گۆڵێکی دیکەش.

دوای یارییەکە مایۆرال رایگەیاند، چەندان نامەی پیرۆزبایی و دەستخۆشی بۆ هاتووە بەڵام بە گوتەی خۆی 'نامەیەکی کەریم بێنزما لە هەموویان زیاتر کاریگەرتر بووە بۆ ئەو'.

هەروەها مایۆرال راشیگەیاند' بەیانی رۆژی یەکشەممە زانیویەتی بە شێوەی سەرەکی بەشداریی یارییەکە دەکات و سوپرایزێکی گەورە بووە بۆ من کاتێک ناوی خۆم لە پێکهاتەی سەرەکی یارییەکە بینی'.

پێشتر لە وەرزی 2016/2015 مایۆرال یەکەم یاریی بە درێسی ریال مەدرید لە بەرامبەر لیڤانتی ئەنجام دابوو، بەڵام نەیتوانیبوو هیچ گۆڵێک تۆمار بکات و لە یاریگەی ئەنوێتا یەکەم گۆڵی بە درێسی مێرێنگی تۆمارکرد.

بۆرخا مایۆرال کێیە؟

مایۆرال کە لە 5ی ئەپرێلی 1997 لەدایکبووە و لە تیپی لاوانی ریال مەدرید پێگەیشتووە و وەرزی رابردوو بە خواستن یاریی بۆ یانەی فۆلفسبۆرگ دەکرد و لە 426 خولەک 2 گۆڵی بۆ یانە ئەڵمانییەکە تۆمارکرد

مایۆرال هاوشێوەی ناچۆ کاتێک منداڵ بووە نەخۆشی شەکرەی هەبووە، بەڵام سووربووە لەسەر ئەوەی لە یاریی تۆپی پێ بەردەوام بێت و بەردەوام چارەسەری لەلایەن پزیشکەوە پێدراوە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە تۆپی پێ دانەبڕێت.

مایۆرال لە وەرزەکانی 2015/2014 و 2016/2015 لە ریزی تیپی دووەمی ریال مەدرید یاریی دەکرد و لە ریزی هەڵبژاردەی خوار 19 ساڵان و 21 ساڵانی ئیسپانیاش یاریی کردووە و لەگەڵ لارۆخا بووەتە پاڵەوانی یۆرۆی خوار 19 ساڵان و خەڵاتی گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەشی بەدەستهێناوە.

بۆرخا مایۆرال دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی لە بەرامبەر ریال سۆسیداد
بۆرخا مایۆرال دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی لە بەرامبەر ریال سۆسیداد

زیدان دوای یارییەکەی ریال سۆسیداد چی لەبارەی مایۆرال گوت؟

زینەدین زیدان، راهێنەری ریانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوای یارییەکەی ریال سۆسیداد لەبارەی ئەو ئاستەی مایۆرال لە یارییەکە پێشکەشی کرد، رایگەیاند 'مایۆرال هەرچەندە بە تەمەن بچووکە، بەڵام یاریزانێکی مەزنە و ئەمشەو لە یاریی بەرامبەر ریال سۆسیداد ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، جگە لەو گۆڵەی لە یارییەکە تۆماریکرد، بە ئاستە بەرزەکەی زۆر سەرنجی راکێشام، دەتوانێت لە تیپەکەماندا رۆڵێکی گەورە بگێڕێت'.

بۆرخا مایۆرال دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی لە بەرامبەر ریال سۆسیداد
بۆرخا مایۆرال دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی لە بەرامبەر ریال سۆسیداد

مایۆرلا بەرامبەر ریال سۆسیداد ریکۆردی تۆمارکرد

مایۆرال بەو گۆڵەی بەرامبەر ریال سۆسیداد تۆماریکرد، بووە پازدەمین بچووکترین یاریزان لە مێژووی ریال مەدرید بە درێسی یانەکە لە یارییەکی فەرمی گۆڵ تۆمار بکات، دوای ئەوەی ئەم هێرشبەرە ئیسپانییە لە تەمەنی 20 ساڵ و 165 رۆژیدا گۆڵێکی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد و بووە لە ریزبەندی بچووکترین یاریزانە گۆڵکارەکانی یانەکە لە پلەی پازدەمین دێت.

بۆرخا بە گۆڵەکەی ریکۆردی ئیمیلیۆ بۆتراگینیۆ، فێرناندۆ مۆریێنتس و خیسێ رۆدریگێزی شکاند و بووە یەکێک لە لاوترین گۆڵکارەکانی مێرێنگی.

ریزبەندی بچووکترین گۆڵکارەکانی مێژووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی
ریزبەندی بچووکترین گۆڵکارەکانی مێژووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی

گرنگترین دیمەنەکانی بۆرخا مایۆرال لە یاریی بەرامبەر ریال سۆسیداد