هەندرێن بە بردنەوەی لە هەولێر لە پێشەنگی خولی نایابی کوردستان بەردەوامە

برایەتی لە زاخۆی بردەوە و نەورۆز و ئاراراتیش یەکسانبوون

لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان هەندرێن سێیەم سەرکەوتنی لەم وەرزە تۆمارکرد و بە بردنەوەی لە هەولێر لە پێشەنگی خولەکە مایەوە.

هەندرێن لە پیرمام میوانداریی هەولێری کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەولێری بردەوە و سێیەم سەرکەوتنی لەم وەرزە بەدەستهێنا، کە هێمن فوئاد تاکە گۆڵەکەی تۆمارکرد و هەندرێن لەسەر ئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکەی بەردەوامە و بە کۆکردنەوەی دە خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە، هەولێریش لەگەڵ تەها قادری راهێنەری نوێی یانەکە تووشی شکستبوو، کە دووەم شکستی یانەکەیە لەم وەرزە، کە لە یارییەکە دیدار حامید لێدانێکی سزای هێمن نازمی گەڕاندەوە.

لە هەولێر، برایەتی دووەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە زاخۆی میوانی بردەوە و یانەکەی دەلال تووشی دووەم شکست بوو، دیار یاخی و عەبدوڵا خەلیل گۆڵەکانی برایەتییان کرد و برایەتی بەم بردنەوەیە بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی سەرکەوت.

لە سلێمانی نەورۆز و ئارارات خاڵەکانی یارییەکەیان بەشکرد و بە گۆڵێک بەرامبەربوون، سەرەتا نەورۆز لە رێگای دیاری عەلی گۆڵی پێشکەوتنی کرد، بەڵام لە نیوەی دووەم ئارارات لە رێگای یەعقوب ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و ئارارات پلەی دووەمی ریزبەندی لەدەست دا.

یاریی شێروانە و زێرەڤانیش بەهۆی خراپی کەشوهەوا پێشوەختە دواخرابوو و پێشبینی دەکرێت رۆژی شەممەی داهاتوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئەم یارییە بدات.

ئەنجامی یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان
ئەنجامی یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان
ریزبەندی خولی نایابی کوردستان دوای چوارەم گەڕ
ریزبەندی خولی نایابی کوردستان دوای چوارەم گەڕ