پاریس سانجێرمان بۆ یارییه‌كه‌ی ریال مه‌درید زنجیره‌یه‌ك كێشه‌ی ئاڵۆزی بۆ دروست بووه
یانه‌ی پاریس سانجێرمان پێش یارییه‌كه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی له چامپیۆنزلیگ به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید زنجیره‌یه‌ك مه‌ترسی پێكانی بۆ دورست ده‌بێت، دیارترینیان پێكانه‌كه‌ی نێیمار دا سیلڤایه.
یانه‌ی پاریس سانجێرمان له دوایین یاری خۆی به‌رامبه‌ر تۆڵۆز به گۆڵێكی نێیمار دا سیلڤا یارییه‌كه‌ی برده‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌ستێره به‌رازیلییه‌كه تا كۆتایی یاری كرد، به‌ڵام له دوای یارییه‌كه نێیمار تووشی گرژبوونی ماسولكه‌كانی بووه و ئه‌م هه‌واڵه‌ش به خێرایی له میدیاكان بڵاوبووه‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ئیدینسۆن كاڤانی هێرشبه‌ری ئۆروگوایی به‌هۆی پێكانه‌وه به‌شداری یارییه‌كه‌ی دوێنیێی یانه‌كه‌ی له خولی پله‌یه‌كی فره‌نسا نه‌كرد، هه‌ڵبه‌ت به‌شداریی دوایین مه‌شق و راهێنانی یانه‌كه‌شی نه‌كرد، ئه‌مه‌ش بۆ پێش رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ریال مه‌درید ترسی لای یانه پاریسییه‌كه دروست كردووه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، ئۆنای ئێمری راهێنه‌ری پاریس سانجێرمان راگه‌یاند كه به‌هۆی پێكانه‌وه (تیاگۆ مۆتا)ـش ناتوانێت له‌گه‌ڵمان گه‌شت بۆ مه‌درید بكات.
بڕیاره رۆژی چوارشه‌ممه، له قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، یانه‌ی ریال مه‌درید له یاریگه‌ی بێرنابیۆ میوانداریی یانه‌ی پاریس سانجێرمان بكات.