ئه‌مشه‌و كلاسیكۆی ئیسپانیا به‌ڕێوه ده‌چێت
له جامی دۆستانه‌ی پاڵه‌وانان، ریال مه‌درید و بارسێلۆنا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، یارییه‌كه له كاتژمێر 2:30ـی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مشه‌و به كاتی باشووری كوردستان لە یاریگەی هارد رۆک لە میامی به‌ڕێوه ده‌چێت.
به‌یه‌كگه‌یشتنی ریال مه‌درید و بارسێلۆنا له خاكی ئه‌مریكا، ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م كلاسیكۆ دوای 35 ساڵ له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان دێت، نرخی بلیته‌كانیش بۆ بینینی یاری كلاسیكۆی ئه‌مشه‌و گه‌یشتووه‌ته 900 دۆلار.
بارسێلۆنا له كاتێكدا كلاسیكۆی دۆستانه ده‌كات، هه‌ڕه‌شه‌ی له ده‌ستدانی یه‌كێك له باشترین یاریزانه‌كانی له‌سه‌ره كه نێیمار دا سیلڤایه.
به گوێره‌ی تۆڕی هه‌واڵی (ئێسپن)ـی ئیسپانیا، نێیمار به‌هۆی بڕیاری چوونی بۆ پاریس سانجێرمان بۆ یاری كلاسیكۆی ئه‌مشه‌و دوور خراوه‌ته‌وه، به‌هۆی پێكانیشه‌وه سێرجی رۆبێرتۆش به‌شداریی له یارییه‌كه ناكات.
له به‌رامبه‌ردا ریال مه‌درید به‌هۆی پێكانه‌وه تۆنی كرووسی بۆ ئه‌م یارییه له‌ده‌ستداوه، كریستیانۆ رۆناڵدۆش هێشتا پشووه‌كانی ته‌واو نه‌كردووه و بڕیاره له 5ـی مانگی داهاتوو بگه‌ڕێته‌وه.
ئه‌م یارییه ده‌رفه‌تێكه بۆ ئێرنستۆ ڤالڤێردی شوێنگره‌وه‌ی ئێنریكی بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر زێنه‌دین زیدان بڵێت كه وه‌رزی رابردوو دوای 4 ساڵ ناسناوی لالیگای بۆ شایانه‌كان برده‌وه.
بارسا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تا ئێستا ته‌نیا نێڵسن سیمیدۆی پۆرتوگالی و گێرارد دیولۆفیۆی ئیسپانی گواستۆته‌وه ریزه‌كانی، به‌ڵام ئه‌نجامی دوو یاری ئاماده‌كاری رابردوو جێگه‌ی دڵخۆشی هانده‌رانیه‌تی، دوای ئه‌وه‌ی توانیان سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر مانچێسته‌ر یونایتد و یوڤێنتۆس ده‌ستبخه‌ن.
به‌هه‌مان شێوه ریال مه‌درید تا ئێستا ته‌نیا دوو یاریزانی نوێی كڕیوه كه هه‌ریه‌كه له تیۆ هێرناندێزی فڕه‌نسی و سیبایۆسی ئیسپانیه، له‌گه‌ڵ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی چه‌ند یاریزانێك له خوله‌كانی ئیسپانیا و ئه‌ڵمانیا بۆ ریزه‌كانی، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی بارسێلۆنا، مێره‌نگییه‌كان دوو یاریی رابردوویان به‌بێ رۆناڵدۆ و رامۆس به‌رامبه‌ر دوو یانه‌كه‌ی شاری مانچێسته‌ر دۆڕاند.
كلاسیكۆی دوو زلهێزه‌كه‌ی ئیسپانیا له ئه‌مریكاوه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خته‌یه بۆ دوو كلاسیكۆی داهاتووی هه‌ردوو یانه له جامی سوپه‌ری ئیسپانیا،
كه‌وا بڕیاره 13ـی مانگی داهاتوو له كامپ ن‌و میواندری یاریی چوون بكات و له 16ـی هه‌مان مانگیش یاری گه‌ڕانه‌وه له سانتیاگۆ بێرنابیۆ ده‌كه‌ن.