ئیکاردی هەنگاوێکی دیکە لە ریال مەدرید نزیک دەبێتەوە

لە یاریی ئەمشەوی ئینتەر میلان دوورخرایەوە

ماورۆ ئیکاردی بۆ یاریی ئەمشەوی ئینتەر میلان بەرامبەر سامپدۆریا دوورخرایەوە و رۆژ بە رۆژ پەیوەندی نێونا ئینتەر میلان و ئیکاردی ئاڵۆزتر دەبێت و رۆژنامەیەکی ئیتاڵیش لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاشکرایکردووە ئیکاردی و ئینتەر میلان رێککەوتوون و هاوینی داهاتوو دەست لە یەکتری بەربدەن.

رۆژ بە رۆژ پەیوەندیی نێوان ماورۆ ئیکاردی و ئینتەر میلان ئاڵۆزتر دەبێت و لۆچیانۆ سپالێتی بۆ یاریی ئەمشەویش ئەو هێرشبەرە ئارجێنتینییەی دوورخستەوە.
لەوەتەی ئینتەر میلان نیشانی کاپتنی لە ئیکاردی سەندەوە و بە سەمیر هاندانۆڤیچی سپارد، کێشەی نێوان ئینتەر و ئیکاردی تەقیوەتەوە و رۆژ بە رۆژ رۆیشتنی ئیکاردی لە ئینتەر میلان نزیکتر دەبێتەوە.
سپالێتی بە بیانووی پێکانێکی سووک ئیکاردی بۆ یاریی ئەمشەو بەرامبەر سامپدۆریا دوورخستووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا ئیتاڵییەکان دوورخرانەوەی ئیکاردی بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانە بێت کە لە نێوان هەردوولا دروستبووە.
دژی سەندنەوەی نیشانەی کاپتنی ئیکاردی ئامادە نەبوو رۆژی پێنجشەممە بەرامبەر راپید ڤیێنا لە یۆرۆپالیگ یاریی بکات و پێدەجێت بەشداریی نەکردنی ئیکاردی لە یاریی ئەمشەو بە هەمان هۆکار بێت.
رۆژنامەی کۆرێری دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی کە لە ئینتەر میلان نزیکە لە مانشێتی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا نووسیویەتی ئیکاردی و ئینتەر میلان گەیشتوونەتە رێککەوتن، هاوینی داهاتوو بەیەکجاریی دەست لە یەکتری بەر بدەن و ئیکاردی ماڵئاوایی لە ئینتەر بکات.
کاردانەوەکانی ئینتەر دوای ئەوە هات چەند جارێک واندا نارای هاوسەر و بەڕێوەبەری کارەکانی ئیکاردی داوای زیادکردنی مووچە و پاداشتەکانی ئیکاردی لە ئینتەر دەکرد و رەتیشی دەکردەوە گرێبەستەکەی نوێبکرێتەوە، کە هاوینی 2021 گرێبەستەکەی ئیکاردی لەگەڵ ئینتەر میلان کۆتایی دێت.
ئیکاردی لەم وەرزەی سێریا ئەی نۆ گۆڵی بۆ نێرادزۆری کردووە، بەڵام پێدەچێت تاکو کۆتایی ئەم وەرزە چیدیکە ئینتەر پشت بە ئیکاردی نەبەستێت و یانەکانی ریال مەدرید و یۆڤێنتۆس و چێڵسیش خۆیان ئامادەکردووە و چاویان لەو هێرشبەرە 25 ساڵانەیە.