لۆپیتیخی دوای شكسته‌كه‌یان چی گوت؟

قسه‌كانی لۆپیتیخی سه‌رنجی میدیاكانی راكێشا

یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ لالیگا تووشی شكستێكی دیكه‌ش بوو، به‌مه‌ش پێنجه‌مین یارییه‌ شایانه‌كان ناتوانن سه‌ركه‌وتن تۆمار بكه‌ن، راهێنه‌ری یانه‌كه‌ش به‌ڵێن ده‌دات ژیان و خۆشی بۆ هانده‌رانی یانه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

له‌ گه‌ڕی نۆیه‌می لالیگا، یانه‌ی ریال مه‌درید تووشی سێیه‌مین شكست بوو له‌م وه‌رزه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی به‌ 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك به‌ یانه‌ی لیڤانتی دۆڕا.

راسته‌وخۆ دوای یارییه‌كه‌، لۆپیتیخی راهێنه‌ری ریال مه‌درید له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز شایسته‌ی شكست نه‌بوون، ده‌شڵێت: یاریزانه‌كانم ئاستێكی به‌رزیان پێشكه‌ش كرد و هه‌موو هێز و وزه‌ی خۆیان خسته‌ گه‌ڕ، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ به‌دڵی ئێمه‌ نه‌بوو.

لۆپیتیخی گوتیشی: ئه‌مه‌ یاری تۆپی پێیه‌، به‌ڵام كام تیپ گۆڵی زیاتر تۆمار بكات، براوه‌ ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نیا پێویستیمان به‌ به‌هێزكردنی لایه‌نی ده‌روونی یاریزانه‌كانه‌، ئه‌گه‌رنا له‌ ئاستی تیپه‌كه‌م رازیم.

لۆپیتیخی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ یارییه‌كه‌ روویدا سه‌یروسه‌مه‌ره‌بوو، لیڤانتی ته‌نیا یه‌ك لێدانی بۆ نێو گۆڵ هه‌بوو، كه‌چی دوو گۆڵی تۆمار كرد.

راهێنه‌ری ریال مه‌درید هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ ده‌بێت شێوازی یاریكردنی تیپه‌كه‌م بگۆڕین، گوتیشی: ئێستا له‌ هه‌موو كات زیاتر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرفته‌كان ئاماده‌م و له‌وپه‌ڕی هێز و وزه‌ و ئازایه‌تی دام و ده‌بێت دۆخی تیپه‌كه‌ بگۆڕم و ژیان بۆ ریال مه‌درید و هه‌واداره‌كانی بگه‌ڕێنمه‌وه‌.

لۆپتیخی له‌ به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا گوتی: جارێ كاتی ئه‌وه‌ نییه‌ باس له‌ دوورخستنه‌وه‌ی من بكرێت، ئێستا ته‌نیا شتێك كه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌موومان بیكه‌ین چۆنیه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی یاریزانه‌كانه‌ كه‌ پێویسته‌ بڕوای ته‌واویان به‌ تواناكانی خۆیان هه‌بێت.