ئەمشەو کۆتینهۆ بەرامبەر لیڤانتی ئامادە نابێت و سبەی بە میدیاکان دەناسرێنرێت

کۆتینهۆ پێنجشەممە بەرامبەر سێلتاڤیگۆ یاریی دەکات

K24- هەولێر

دواجار بارسێلۆنا خاڵێکی لە کۆتایی ئەو چیرۆکە درێژخایەنە دانا کە لەوەتەی هاوینەوە لەگەڵ لیڤەرپوول دەستیپێکردبوو و بەفەرمی گواستنەوەی فیلیپ کۆتینهۆی بۆ ریزەکانی راگەیاند و سبەی دووشەممە بەفەرمی بە میدیاکان دەناسرێنرێت.
وەکو چاوەڕوان دەکرا، شەوی رابردوو کۆتینهۆ خێزانەکەی لە لیڤەرپوولەوە بەرەو بارسێلۆنا گەشتی کرد و یانەکانی لیڤەرپوول و بارسێلۆناش بەفەرمی گواستنەوەی ئەو ناوەڕاستکارە بڕازیلییەیان راگەیاند.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا ناوەڕۆکی گرێبەستەکەی ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە کۆتینهۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵ و نیو تاکو 2023 گرێبەستەکەی واژۆکردووە و بەرامبەر 160 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە دەکات، بەڵام بارسێلۆنا هەموو پارەکە بە لیڤەرپوول نادات، بەڵکو 120 ملیۆن یۆرۆ وەکو نرخی گرێبەستەکە دەدات و 30 ملیۆن یۆرۆش بەپێی ئاست و دەستکەوتەکانی کۆتینهۆ بە رێدز دەدات، 10 ملیۆن یۆرۆیەکەی دیکەش کۆتینهۆ لە گیرفانی خۆی لە پێناوی پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی بارسێلۆنا بە لیڤەرپوول دەدات.
نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کۆتینهۆ 400 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و یانەی ڤاسکۆ دی گامای بڕازیلی، یانەی پێشووی کۆتینهۆ سوودمەندێکی گرێبەستەکە دەبێت و 4 ملیۆن یۆرۆ لە نرخی گرێبەستەکە وەردەگرێت.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ

گەرچی پێشتر وابڵاوکرایەوە لە یارییەکەی ئەمشەوی بارسێلۆنا بەرامبەر لیڤانتی ئامادە بێت، بەڵام رۆژنامەی سپۆرت لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەیەدا ئاشکرایکردووە، کۆتینهۆ ئەمشەو لە کامپ نوو ئامادە نابێت تاکو بەفەرمی بە هاندەران و میدیاکان دەناسرێنرێت و وابڕیارە سبەی دووشەممە لە مەراسیمێکدا لە کامپ نوو پێشکەشی هاندەران بکرێت.
پەیوەندیکردنی کۆتینهۆ بە بارسێلۆنا بووە هۆی ئەوەی یانەی لیڤەرپوول 50 پاوەند قەرەبووی ئەو هەر هاندەرێکی بکاتەوە درێسی ژمارە 10ی ئەم وەرزەی لیڤەرپوولی کڕیبێت و لە یەکەم کاردانەوەشدا، یۆرگن کلۆپی بەڕێوەبەری هونەری رێدز رایگەیاند، ئەوان هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی کۆتینهۆ پەشیمان بکەنەوە و رازی بکەن لە لیڤەرپوول بمێنێتەوە، بەڵام ئەو لە هاوینی رابردووەوە سووربوو لەسەر ئەوەی بچێتە بارسێلۆنا و پێداگیری دەکرد لەسەر رۆیشتنی.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامە کەتەلۆنییەکان کۆتینهۆ درێسی ژمارە 7 یان 14 دەپۆشێت و ئەگەر زۆرە شەوی پێنجشەممە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر سێلتاڤیگۆ یەکەم یاریی بە درێسی بارسێلۆنا ئەنجام بدات.

رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرت
رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرت