خولی عێراقی و کتێبی گینس

چین بە زیاتر لە ملیارێک کەس خولەکەی تەنیا 16 یانەیە، کەچی عێراق 35 ملیۆن کەسە و خولەکەی لە 26 یانە پێکدێت

K24- هەولێر

بڕیاردرا وەرزی نوێی (2018-2017)ی خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی عێراق بە بەشداری 26 یانە بەڕیوەبچێت، بەپێی بڕیارەکەی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یانەکان دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن و لە ھەر کۆمەڵەیەکیش 13 یانە لەخۆ دەگرێت، بەمەیش خولەکە شایەنی ئەوە دەبێت ناوی بچێتە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان لەرووی ژمارەی یانەکان و ماوەی تەواوبوونی خولەکە! کە پێدەچێت لە وەرزەکانی رابردوو درێژتر بێت و ڕەنگە دوای مۆندیالی 2018ـی رووسیا کۆتایی پێبێت، لێرەدا چەند سەرنجێک لەبارەی خولەکە دەخەمەڕوو ئەگەر بەم شێوەیەی کە بڕیاری لەسەر دراوە بێتە ئەنجامدان بەرەچاوکردنی بەشداری یانەکانی کوردستان و مەترسییەکان وکێشەی یانەکان:

 

ـ لە وەرزی داھاتوو یانە کوردییەکان کە پێکھاتوون لە ھەولێر، زاخۆ ،گازی باکوور و سلێمانی پشکداری دەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە، بارودۆخی عێراق لە ئێستادا لەو پەڕی خراپیدایە، کورد شەڕی حەشدو سوپای عێراق دەکات، دۆخێکی پڕ لە شەرانگێزی بوونی ھەیە، ئەگەر چی بەشێک لەو یانانە بڕیاری کۆتاییان لەمەڕ بەشداریکردنیان لە خولەکە نەداوە.

ـ کێشەی دارایی بەشێک لە یانەکانی عێراق بە گشتی و باشووری کوردستانیش بەتایبەتی بەربەستێکە بۆ درووستکردن و پتەوکردنی تیپێکی بەھێز و رکابەر، بێگومان ئەو یانانە ناتوانن یاریزانی بەتوانا بھێننە ریزەکانیان، ئەمەیش وادەکات ھاوسەنگی نێوان یانەکان ئاسمان و رێسمان بێت و پێشەنگی کۆمەڵەکان بۆ یانە پڕداھات و ئەستێرەکان بێت، شەمەندەفەری خولێکی دوور و درێژ بارەکە لەسەر یانەکان قوڕستر دەکات.

ـ چ گەرەنتییەک بۆ سەلامەتی گیانی یاریزانان و تیپەکانی کوردستان ھەیە لەکاتی چوونیان بۆ نەجەف و کەربەلا بۆ نموونە، بینیشمان لە وەرزی رابردوو چ سوکایەتییەک بە یانەکان و کورد و کوردستان کرا.

ـ سەرانی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەسەر چ بنەمایەک رێژەی یانەکانیان زیادکردووە، ئایا حیسابیان بۆ ئەوە نەکردووە کە ئەوان ناتوانن خولەکە لەکات و ساتی خۆیدا تەواو بکەن، پێشووتریش ئەوەیشمان بۆ دەرکەوت کە خولەکە ھەرگیز لە کاتی خۆێدا تەواو نەبووە و ئەمجارەیش ئەگەر بەمشێوەیە بەڕێوەبچێت درێژتر دەبێت.

ـ خولی عێراق لەدوای رووخانی رژێمی بەعس تا وەرزی رابردوو بەبەردەوام نارێکی پێوەلکاوە، کاتی یارییەکان دیارنین، ھەمیشە گۆڕانکاری بەسەردادێت، دوادەخرێن، بەتایبەتی ئەگەر ھەڵبژاردەی عێراق یارییەکی ھەبێت یان لە پاڵەوانیەتییەک بەشداربێت، ئەی ئەگەر ژمارەی یانەکان 26 بێت، بێگومان لەمە خراپتر دەبێت.

ـ تەنھا لە قۆناخی کۆمەڵەکان ھەر یانەیەک 24 یاری ئەنجامدەدات، کۆی یارییەکان لە ھەر کۆمەڵەیەک 156 یارییە، کۆی گشتیش 312ـیە جگە لە یارییەکانی قۆناخی دوای کۆمەڵەکان، ئیتر خولەکە وەک دراما تورکییەکانی لێدێت، بەمەیش یانەکان ماندوو دەبن و رێگای دوور و درێژ دەبڕن، یاریزانەکان دووچاری پێکان و شەکەتبوون دەبن، پارەیەکی زۆر سەرف دەکەن، ئەی سوودی بەشداریکردن چیە؟

ـ خولی ئەم وەرزە دەبێتە ھۆکارێک بۆ زیاتر باڵادەستی چەند یانەیەک بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە چەند دامەزراوەیەکی حکومەتی عێراقن، ئەوان پاڵپشتییەکی باش دەکرێن لەسەر حیسابی چەند یانەیەک کە تەنھا بەشداریکردنێکی بێ سوودیان پێدەبڕێت.

ـ زیادکردنی یانەکانی خولی نایابی عێراق بەلایەنێکی ئەرێنی بۆ فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئەندامەکانی دەشکێتەوە، چونکە دەبێتە ھۆی زیادبوونی دەستەی گشتی و مسۆگۆربوونی دووبارە مانەوەی ئەندامەکانی ئێستە دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بۆ فیدڕاسیۆنەکە.

ماوەتەوە بڵێم، چین ئەو وڵاتە زەبەلاحەی کە زیاتر لە یەک ملیار دانیشتوانییەتی کە خولەکەی تەنیا لە 15 یانە پێکدێت، رووسیا بە 144 ملیۆن کەس خولەکەی تەنیا 16 یانەیە، ئەمریکا بە 320 ملیۆن کەس ژمارەی یانەکانی 12یە، ئێران بە 80 ملیۆن کەس ژمارەی یانەکانی 16یە، عێراقیش بە 35 ملیۆن کەس 26 یانە لە وەرزی نوێدا پشکداری دەکەن.

 

 

نووسینی: لوقمان عەلی

لوقمان عەلی، رۆژنامەنووسی وەرزشی
لوقمان عەلی، رۆژنامەنووسی وەرزشی