دۆنارۆما لەبەر هەڕەشەکانی گاتوزو دەیەوێت میلان بەجێبهێڵێت

داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دەکات

K24- هەولێر

جیانلویجی دۆنارۆمای گۆڵپارێزی ئەیسی میلانی ئیتاڵی کێشەی لەگەڵ جیانرۆ گاتوزوی راهێنەری نوێی یانەکەی هەیە و دەیەوێت گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
هاوینی رابردوو دۆنارۆما رەتیکردەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ میلان نوێبکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا رازی بوو گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە هاندەرانی رۆسۆسنێری رەخنەیەکی زۆریان لێگرت.
لە دوایین یاریی میلان بەرامبەر بۆلۆنیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە، گاتوزە هاوار بەسەر دۆنارۆما دەکات و پێیدەڵێت ئەگەر بەگوێرەی رێنماییەکانی من یاریی نەکەیت، ئەوا بە هەفتەیەک وێرانت دەکەم، ئەمەش وای لە مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی دۆنارۆما کردووە، هەڵوێستی هەبێت و داوای لە کارگێڕانی میلان کردووە، گرێبەستەکەی گۆڵپارێزە لاوەکە هەڵبوەشێننەوە.
میدیاکانی ئیتالیا ئاشکرایان کردووە، گەرچی دۆنارۆما تاکو 2021 گرێبەستی لەگەڵ میلان هەیە، بەڵام ئەگەر ئەم وەرزە میلان نەگاتە چامپیۆنزلیگ، ئەوا دۆنارۆما بەپێی بەندێکی گرێبەستەکەی بۆی هەیە یانەکە بەجێبهێڵێت.