تیروپشکی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان راکێشرا

خولەکە بە بەشداریی 14 یانە بەڕێوە دەچێت

بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم یانەکان بە بەشداریی 14 یانە تیروپشکی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان راکێشرا.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر، تیروپشکی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بە بەشداریی 14 یانە راکێشرا، یانەی کەرکووک بەهۆی داگیرکرانی یاریگەکەی و نەبوونی توانای دارایی بۆ دووەم وەرز لەسەر یەک بەشداریی خولەکە ناکات، بەڵام یانەی گازی باکوور کە ئەو یانەیەش دەکەوێتە شاری کەرکووک، بەشداریی خولەکە دەکات.

پێش ئەوەی خولەکە دەستپێبکات کە وابڕیارە رۆژی 2018/10/22 یەکەم گەڕ بەڕێوە بچێت، کێشە لە نێوان بەشێک لە یانەکان دروستبووە، لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 حاکم جەمالی سەرۆکی یانەی هەندرێن رەتیکردەوە ئامادەبن بۆ یارییەکانی گازی باکوور بچنە کەرکووک و رایگەیاند 'ئەگەر یارییەکانمان بە 3-0 بنووسرێت هەر ناچینە کەرکووک و ئامادە نین یارییەکانمان لەو شارە ئەنجام بدەین'.

گەرچی پێشتر یانەی برایەتی بەهۆی کێشەکانی دوایین گەڕەکانی وەرزی رابردوو کێشەی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دروستبوو، بەڵام ئەو یانەیە بەشدارە لە یارییەکانی وەرزی نوێی خولەکە و بەشداریی یارییەکانی وەرزی داهاتووی خولەکە دەکات، کە وەرزی رابردوو پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

گرتەیەکی کۆبوونەوەی یانە نایابەکان لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان
گرتەیەکی کۆبوونەوەی یانە نایابەکان لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان

خشتەی یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستان رۆژی 2018/10/22 بەڕێوە دەچێت

زێرەڤانی - ئاکرێ یاریگای زێرەڤانی
دەربەندیخان - دھۆک یاریگای دەربەندیخان
ئارارات - زاخۆ یاریگای ئارارات
نەورۆز - پ.ھەولێر یاریگای نەورۆز
پ.سلێمانی - برایەتی یاریگای پ.سلێمانی
گازی باکوور - شێروانە یاریگای گازی باکوور
ھەندرێن - ھەولێر یاریگای ھەندرێن

نوێنەری یانە نایابەکان لە کۆبوونەوەکە
نوێنەری یانە نایابەکان لە کۆبوونەوەکە

بەگوێرەی رێنماییەکانی وەرزی نوێی خولەکە، دوو یانە دادەبەزنە ریزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان و دوو یانەی پلە یەکیش بۆ وەرزی دواتر سەردەوکەون بۆ ریزی یانە نایابەکان، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو بە بڕیارێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان هیچ یانەیەک دانەبزییە ریزی یانە پلە یەکەکان.

بەگوێرەی رێنماییەکانی وەرزی نوێ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان مەرجێکی دیکەشی بۆ یانە نایابەکان داناوە و پێویستە هەر یانەیەک یاریزانێکی لاوی لەدایکبووی 1999 یان زیاتر لە پێکهاتەی سەرەکی یانە نایابەکان بێت.