له نێو پێكهاته‌ی ریال مه‌درید هه‌ڵمه‌تێك بۆ ده‌ركردنی كریستیانۆ ده‌ستی پێكردووه
سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، له راپۆرته هه‌واڵێكدا ناوی 4 یاریزانی ریال مه‌دریدی بڵاو كردۆته‌وه كه داوای فرۆشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 13 نۆڤێمبه‌ری 2017، پێگه‌ی Diario Golـی ئیسپانیا، ئاشكرای كردووه كه به‌شێك له یاریزانه‌كانی تیپی یه‌كه‌می یانه‌ی ریال مه‌درید داوای رۆیشتنی كریستیانۆ له ریال مه‌درید ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، یاریزانانی ریال مه‌درید به‌سه‌ر 3 به‌ره‌دا دابه‌شبوون، به‌شێكیان داوای رۆیشتنی كریستیانۆ ده‌كه‌ن كه پێكهاتوون له (ماركۆ ئاسێنسیۆ، ئیسكۆ، دانی سیبایۆس و كارڤاخاڵ) داوا له كارگێرانی ریال مه‌درید ده‌كه‌ن ده‌ستبه‌رداری كریستیانۆ بن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م 4 یاریزانه داوایان له سێرخیۆ رامۆسی كاپتن كردووه پشتگیری له داوایه‌كه‌یان بكات.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، رامۆس چۆته به‌ره‌ی ئه‌و 4 یاریزانه، له ماوه‌كانی رابردووش كاپتنه‌كه‌ی یانه‌ی شایانه به ئاشكرا ڕه‌تی لێدوانێكی كریستیانۆی دابووه‌وه كاتێك رایگه‌یاند بوو كه فرۆشتنی یاریزانه یه‌ده‌گه‌كان هۆكاری ئه‌نجامه خراپه‌كانی ریال مه‌دریدن.
به‌شێكی دیكه له یاریزانه‌كان بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه، هه‌روه‌ها مارسێلۆی به‌رازیلیش، كایلۆر ناڤاس و كه‌ریم بێنزێما به نزیكترین پاڵپشتی كریستیانۆ وه‌سف ده‌كه‌ن.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی 32 ساڵ، له هاوینی 2009 له یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتده‌وه روویكرده ریال مه‌درید و گرێبه‌سته‌كه‌ی له 2021 كۆتایی دێت، ئه‌م وه‌رزه‌ش به خراپترین كاروانی وه‌رزشی خۆی له خولی نێوخۆیی تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی له كۆی 7 یاری ته‌نیا 1 گۆڵی له لالیگا تۆمار كردووه.