فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ڵمانیا به‌ خێرایی وه‌ڵامی ئۆزیلی دایه‌وه‌

"ئۆزیل رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆری ئه‌ڵمانیا بۆته‌وه‌"

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا وەڵامی بەیاننامەکەی مەسعوود ئۆزیل دەداتەوە و رەتیدەکاتەوە ئەوان بە چاوی رەگەزپەرستی و کۆچبەرییەوە لە یاریزانەکانیان بڕوانن.

دوای ئەوەی ئۆزیل وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکیدا وەڵامی تۆمەتەکانی ئۆزیلی داوەتەوە و رەتیدەکاتەوە ئەوان هیچ جیاوازییەک لە نێوان نەتەوە جیاجیاکان بکەن.

 فیدراسیۆنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو وێنەیەی ئۆزیل لەگەڵ ئەردۆغان دوو مانگ لەمەوبەر گرتوویەتی، بووە هۆی ئەوەی لەلایەن خەڵکی ئەڵمانیا رەخنەی زۆری لێبگیرێت و بە بێ رێزیی وەسف بکرێت.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، بۆ ماوەی چەندان ساڵ ئۆزیل بەبێ هیچ کێشەیەک لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یاریی کردووە و ئەوەی دژی ئۆزیل کراوە، بەرامبەر جیرۆم بواتینگیش پێشتر ئەنجام دراوە، فیدراسیۆنەکە دڵتەنگی خۆیشی بە بڕیارەکەی ئۆزیل دەربڕیوە، بەڵام دووپاتیکردووەتەوە هەڵبژاردەکەیان دوای ئۆزیلیش هەر بەردەوام دەبێت لە سەرکەوتن.