خولی نایابی كوردستان هه‌فته‌یه‌كی دراماتێكی و پڕگۆڵی تێپه‌ڕكرد
گه‌ڕی حه‌ڤده‌می خولی نایابی كوردستان، هه‌فته‌یه‌كی ئاگرین و پڕگۆڵی تێپه‌ڕاند، زێره‌ڤانی له نێو یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی گێرا لوتكه‌ی خوله‌كه‌ی به برایه‌تی چۆل كرد، یانه‌كانی هه‌ندرێن و ئارارات به ته‌واوه‌تی له ململانێكردنی ناسناوه‌كه بێهیوا بوون.
هه‌ولێر 1 ـ 3 زێره‌ڤانی
زێره‌ڤانی بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی خۆیدا توانی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره له‌سه‌ر یاریگه‌ی یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری تۆمار بكات.
پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی گێمی یه‌كه‌م لێ بدات، زێره‌ڤانی 2 گۆڵی له‌سه‌ریه‌كی له رێگه‌ی دوو یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كه‌ی (تیاگۆ ئیدواردۆ و تیاگۆ ئامارال) تۆمار كرد.
له ناوه‌راستی گێمی دووه‌م، ئامارالی به‌رازیلی برینه‌كانی هه‌ولێری قۆڵتر كرده‌وه و گۆڵی سێیه‌می بۆ زێره‌ڤانی تۆمار كرد، ئه‌مه‌ش گۆڵی ژماره 10ـی ئه‌و یاریزانه بوو.
دواتر یوونس شوكر هێرشبه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر به تۆماركردنی گۆڵێك جیاوازییه‌كه‌ی كه‌م كرده‌وه، به‌ڵام هه‌ولێرییه‌كان ئه‌گه‌رچی هه‌وڵێكی زۆریان دا، به‌ڵام له یه‌كسانكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه شكستیان هێنا.
به‌م ئه‌نجامه زێره‌ڤانی ژماره‌ی خاڵه‌كانی به 28 خاڵ له‌گه‌ڵ یانه‌ی برایه‌تی یه‌كسان كرده‌وه و به جیاوازی گۆڵ زێره‌ڤانی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی گرت. زێره‌ڤانی هه‌فته‌ی داهاتوو دوایین یاری خۆی له‌م وه‌رزه له‌به‌رده‌م هانده‌رانی به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، به بردنه‌وه‌ی له‌و یارییه به رێژه‌یه‌كی زۆر ده‌بێته پاڵه‌وانی خوله‌كه.
زاخۆ 4 ـ 3 ئارارات
له یارییه‌كی دراماتیكیدا، ئارارات بووه میوانی یانه‌ی زاخۆ، زاخۆ سه‌ره‌تا به گۆڵێك له رێگه‌ی پێناڵتی پێشكه‌وتن، به‌هۆی ئه‌م گۆڵه‌شه‌وه یاریزانانی ئارارات له دژی بڕیاری ناوبژیوان بۆ چه‌ند خوله‌كێك یاریگه‌یان جێهێشت.
دواتر ئارارات له رێگه‌ی عه‌لی عه‌زیز ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، دواتر 2 گۆڵی دیكه‌شیان له‌سه‌ریه‌ك كرد، كه یه‌كێكیان ئیمانوێل ئیڤوا تۆماری كرد، گۆڵه‌ی دیكه‌ش یاریزانێكی زاخۆ به هه‌ڵه‌له‌خۆیانی كرد.
دواتر زاخۆ كۆده‌تای به‌سه‌ر ئارارات كرد و به 3 گۆڵ وه‌ڵامی یانه‌كه‌ی پیرمامیان دایه‌وه، به‌مه‌ش زاخۆ به 4 گۆڵ به‌رامبه‌ر 3 گۆڵ سه‌ركه‌وتن تۆمار كرد و مانه‌وه‌ی له خولی نایابی كوردستان مسۆگه‌ر كرد.
یانه‌ی ئاراراتیش به 20 خاڵ له پله‌ی چواره‌م مایه‌وه له ململانێكردنی خولی نایابی كوردستانی ئه‌م وه‌رزه به ته‌واوه‌تی بێهیوا بوو.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 2 ـ 0 شێروانه
له پیرمام، یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر میوانداریی شێروانه‌ی كرد، سه‌ره‌تا پێشمه‌رگه له رێگه‌ی لێدانی پێناڵتی كه عه‌بدولڵا سه‌ربه‌ست به سه‌ركه‌وتوویی جێبه‌جێی كرد پێشكه‌وت.
دواتر له گێمی دووه‌م، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له رێگه‌ی حه‌یده‌ر سه‌عدوون گۆڵی دووه‌می تۆمار كرد و 3 خاڵی یارییه‌كه‌ی مسۆگه‌ر كرد و تاڕاده‌یه‌كی زۆر خۆی له مه‌ترسی دابه‌زین رزگار كرد.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی شێروانه به 13 خاڵ له دوایین خانه‌ی خوله‌كه ماوه‌ته‌وه، مه‌گه‌ر ته‌نیا به بڕیارێكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له خوله‌كه بمێنێته‌وه ئه‌گه‌رنا بۆ ماڵئاواییكردن له خوله‌كه به‌ربژێرێكی سه‌ره‌كییه.
هه‌ندرێن 0 ـ 0 نه‌ورۆز
هه‌ندرێن به‌هۆی ئه‌نجامی ئه‌م یارییه به ته‌واوه‌تی له بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه بێهیوا بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یه‌ك یاری له‌م وه‌رزه له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر یانه‌ی شێروانه ماوه.
هه‌ندرێن به 25 خاڵ له خانه‌ی سێیه‌م مایه‌وه، له به‌رامبه‌ردا نه‌ورۆز به 15 خاڵ له خانه‌ی هه‌شته‌م دێت.
كێ ده‌بێته پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه
یانه‌كانی هه‌ندرێن و ئارارات له ململانێكردنی خولی نایابی ئه‌م وه‌رزه بێهیوا بوون، ناسنامه‌ی پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان هه‌فته‌ی داهاتوو له نێوان زێره‌ڤانی و برایه‌تی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه كه ئێستا هه‌ردووكیان 28 خاڵیان هه‌یه و زێره‌ڤانی به جیاوازی گۆڵ لوتكه‌ی گرتووه.
هه‌فته‌ی داهاتوو له ئه‌گه‌ری شكست یان یه‌كسانبوونی زێره‌ڤانی به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، بردنه‌وه‌ی برایه‌تی له نه‌ورۆز، ئه‌وا راسته‌وخۆ برایه‌تی ده‌بێته پاڵه‌وان.
له به‌رامبه‌ردا، له یاری داهاتوو زێره‌ڤانی به بردنه‌وه پێشمه‌رگه به رێژه‌یه‌كی به‌رز ده‌بێته پاڵه‌وان، ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری شكستی برایه‌تی، زێره‌ڤانی به یه‌كسانبوون و به دۆڕانیش ده‌بێته پاڵه‌وان.