ڤیدیۆ.. ئیبراهیمۆڤیچ لەبارەی گۆڵە سەرنجڕاکێشەکەی قسەی سەیر دەکات

ئیبرا: پیرۆزبایی لە یانەی تۆرنتۆ دەکەم بووە قوربانی گۆڵی ژمارە 500ی من

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ دوای تۆمارکردنی گۆڵە سەرنجڕاکێشەکەی گوتی پیرۆزبایی لە یانەی تۆرنتۆ دەکەم بەهۆی ئەوەی بۆ هەمیشە وەکو قوربانی گۆڵی ژمارە 500ی من ناویان دەهێنرێت، راشیگەیاند ژمارەی گۆڵەکانی من لە ژمارەی یارییەکانی سەرجەم یاریزانەکانی ناو یاریگە زیاتر بوو، بۆیە ئیبرا پێیوایە هاندەرانی سەرجەم یانەکانی خولی ئەمریکی لە ناخەوە خۆشیان دەوێت.

'بەڵێ ئێمە ئەمڕۆ دۆڕاندمان، بەڵام دڵخۆشم بە دەستکەوتە کەسییەکەم کە لە یارییەکە بەدەستمهێنا، پێموایە ژمارەی گۆڵەکانم لە ژمارەی یاریی سەرجەم یاریزانەکانی ناو یاریگە زۆرتر بوون، پیرۆزباییش لە یانەی تۆرنتۆ دەکەم، چونکە هەمووان وەکو قوربانی گۆڵی ژمارە 500ی من ناویان دەهێنن و یادیان دەکەنەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە هاندەرانی تیپی بەرامبەر بەهۆی گۆڵێکی منەوە دڵخۆش بن و چەپڵەم بۆ لێبدەن، یەکەمجار نییە هاندەرانی تیپی رکابەر خۆشیان بوێم، پێموایە هاندەرانی سەرجەم یانەکانی دیکە منیان خۆش دەوێت و هانم دەدەن.

کاتێک دەچمە ناو یاریگە هەست بە دڵخۆشبوونیان دەکەم، تەنانەت ئەو کاتانەی فیکەشم لە دژ لێدەدەن، دەزانم ئەوان لە راستیدا بۆ ئەوە وادەکەن خۆشەویستی و وەفای خۆیان بۆ یانەکانیان دووپات بکەنەوە، بەڵام دڵنیام لە ناخەوە منیان خۆش دەوێت.

لەگەڵ برادلی بەشەر نەهاتم، بەڵام ئەو پێیوایە ئەو فەیلەسووفی تۆپی پێیە، ژمارەی گۆڵەکانی من لە ژمارەی یارییەکانی ئەو زیاترن بۆیە پێویستە گوێم لێبگرێت و ئەوە بکات کە من پێی دەڵێم.

ئەم جۆرە گۆڵانە پلان بۆ داڕێژراو نین، ئەمە بەهرەیەکە و لەم دۆخە سرووشتیانەدا کاردانەوەی من بەمشێوەیە دەبێت.

دڵخۆشم بەوەی هەلێکم بۆ هاندەرانی تۆرنتۆ رەخساند شتێک ببینن کە هەرگیز پێشتر نەیانبینیوە.

من نامەوێت ئەم گۆڵە بە جوانترین گۆڵی خۆم دەستنیشان بکەم، چونکە ئێمە دۆڕاندمان، هێشتا گۆڵەکەشم نەبینیوەتەوە، بەڵام دوای یارییەکە نامەیەکی زۆرم بۆ هاتووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە کارێکی شێتانەم کردووە'