مێسی لەم هاوینە بارسێلۆنا بەجێدەهێڵێت؟

K24- هەولێر

بارسێلۆنا هێشتا برینی لەدەستدانی نێیماری ساڕێژ نەکردووە، کەچی خەریکە برینێکی دیکە لە جەستەی یانە کەتەلۆنییەکە دروست بێتەوە و دەنگۆی رۆیشتنی مێسی لە یانەکە بڵاوبووەتەوە.
مێسی گەرچی سەرەتای مانگی رابردوو بەفەرمی نوێکرانەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا راگەیاندرا، بەڵام هێشتا مێسی بەفەرمی واژۆی لەسەر گرێبەستە نوێیەکەی نەکردووە و جۆردی میستری، جێگری سەرۆکی بارسێلۆنا لە نوێترین لێدوانی دانی بەوەدانا کە هێشتا مێسی واژۆی لەسەر گرێبەستە نوێیەکەی نەکردووە و بەگوێرەی سەرچاوەکانی ماڵپەڕی (ESPN) مێسی دەیەوێت بە دواخستنی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پەستان بخاتە سەر کارگێڕانی یانەکەی تاکو لەم هاوینە گرێبەستی گەورە واژوو بکەن.
رۆژنامەی گلۆبۆی بڕازیلی ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان مێسی نزیکە بە گرێبەستێکی مێژوویی بچێتەوە ژێر سەرپەرشتی گواردیۆلا و پەیوەندی بە ریزەکانی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بکات، کە هاوینی رابردووش مان سیتی داوای لیۆی کردبوو و رۆژنامەی گلۆبۆی بڕازیلی لە هەواڵێکی بۆمبئاسادا رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە مێسی بەفەرمی پەیوەندی بە ریزەکانی مان سیتییەوە دەکات.
مێسی لە چەند کاتژمێری رابردوودا فۆلۆوی هەژماری فەرمی مانچێستەر سیتی کردووە لە ئینستاگرام و مان سیتی ئامادەیی دەربڕێوە بە مووچەی هەفتانەی 500 هەزار یۆرۆ لیۆ بباتە ریزەکانی.
مێسی بەپێی گرێبەستەکەی ئێستای هاوینی داهاتوو دەتوانێت بێبەرامبەر بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت، چونکە گرێبەستەکەی تەنیا ساڵێکی ماوە.
رۆژنامەکانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە، چێڵسیش ئامادەیە مێسی بباتە ریزەکانی و بەگوێرەی زانیارییەکان بلووز ئامادەیە 400 ملیۆن یۆرۆ لە بەرامبەر کڕینی مێسی بژمێرێت.

مێسی فۆلۆوی مانچێستەر سیتی کردووە لە ئینستاگرام
مێسی فۆلۆوی مانچێستەر سیتی کردووە لە ئینستاگرام