بەهۆی تۆمەتباربوونی بە دەستدرێژی سێکسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لەسەرە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێیوایە فلۆرێنتینۆ پێرێز دەستی لەم کێشانەدا هەیە

خەریکە کەیسی تۆمەتباربوونی بە دەستدرێژیکردنە سەر خانمە ئەمریکییەکە بە تەواوەتی ماڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وێران دەکات و ئەو هێرشبەرە پۆرتوگاڵییە رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەکاتەوە.
لە نوێترین پێشهاتدا، رۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی ئاشکرایکردووە، پۆلیسی ئەمریکا دەتوانێت بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ کریستیانۆ دەربکات و بۆ ئەوروپای بنێرێت، بۆ ئەوەی رۆناڵدۆیان بۆ دەستبەسەر بکەن و رەوانەی ئەمریکای بکەن.
رۆژنامە بەریتانییەکە لەسەر زاری شارەزایەکی یاسایی ئاشکرایکردووە، بەهۆی تۆمەتباربوونی کریستیانۆ بە دەستدرێژی کردنە سەر خانمێکی ئەمریکی، پۆلیسی لاس ڤێگاس دەتوانێت کریس دەستبەسەر بکات، تەنیا یەک رێگا هەیە کریس خۆی لە دەستگیرکردن دەرباز بکات، ئەویش گەڕانەوەیەتی بۆ وڵاتەکەی، بەڵام کریس ئێستا لەگەڵ یۆڤێنتۆس دایە و ئەستەمە بتوانێت یانەکەی بەجێبهێڵێت.
گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی دوای ئەوەی بۆیەکەمجار ئەم کەیسەی وروژاند، ئەمجارەیان چەند بەڵگەنامەیەکی ئاشکراکردووە، لە ساڵی 2010 کریستیانۆ 375 هەزار دۆلاری بە کاترین مایۆرگا داوە بۆ ئەوەی بابەتی دەستدرێژیکردنەکەی په‌رده‌پۆشت بكات.
رۆژنامەی کۆرێری دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە ئەو گوتانەی نۆ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن پۆلیسی لاس ڤێگاسەوە لە خانمە ئەمریکییەکە وەرگیراون لە نێو بەڵگەنامەکانی پۆلیس نەماون، تەنانه‌ت ئەو جلوبەرگانەشی کاترینا لەو شەوە لە کاتی دەستدرێژیکردنە لەبەری بوون لای پۆلیس نەماون و ون بوون.
کریستیانۆ پێیوایە ئەو کێشانەی لەم ماوەیە رووبەڕووی دەبنەوە هەمووی بەهۆی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدریدەوە تووشی دەبن، پێیوایە پێرێز دەستی لەم کێشانەدا هەیە، تەنانەت کریستیانۆ کە هاوینی رابردوو ریزەکانی ریال مەدریدی بەجێهێشت، یانەکەی پیشووی بەوە تۆمەتبار دەکات هۆکار بوونە بۆ ئەوەی دۆن خەڵاتی زە بێست و باشترین یاریزانی ئەوروپا بەدەست نەهێنێت.