محەمەد سەڵاح هەموو جیهانی بە دەنگ هێناوە و کەس نییە ستایشی نەکات

ستیڤن جیرارد: محەمەد سەڵاح باشترین یاریزانی ئێستای جیهانە

دوای ئەو ئاستە بەرزەی محەمەد سەڵاح لە یاریی بەرامبەر رۆما پێشکەشی کرد، زۆربەی ئەستێرەکانی پێشووی یانەی لیڤەرپوول و جیهان ستایشی ئەو هێرشبەرە میسرییەیان کرد، تەنانەت ستیڤن جیرارد پێیوایە باشترین یاریزانی ئێستای جیهانە.

ستیڤن جیراردی ئەستێرەی پێشووی یانەی لیڤەرپوول لەبارەی ئاستی سەڵاح کە بە تۆمارکردنی 43 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی ئەوروپایە لەسەر ئاستی سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی گرتووە، دەڵێت ستیڤن جیرارد: ئەستەمە بتوانین محەمەد سەڵاح بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی بەراورد بکەین، بەڵام من پێموایە باشترین یاریزانی ئێستای جیهانە.

مایکل ئۆینی هێرشبەری پێشووی رێدزیش لەبارەی ئاستە بەرزەکەی سەڵاح هاتووەتە دەنگ و لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، سەڵاح بووەتە مەکینەی گۆڵکردن، لە گۆڵکردن زۆر نایابە و ئۆین پرسیاری کردووە ئایا لە ئێستادا هیچ یاریزانێکی دیکە هەیە هەمان ئاستی سەڵاحی هەبێت.

رۆبی ساڤاجی ئەستێرەی بەناوبانگی وێلزی لەبارەی سەڵاعەوە پێیوایە، ئەو هێرشبەرە میسرییە دەتوانێت لە داهاتوودا ئەگەر لەسەر ئەم ئاستەی بەردەوام بێت شوێنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی بگرێتەوە.

ئالێکساندەر سێفرینی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاش پێیوایە سەڵاح دەتوانێت لە داهاتوو ببێتە شوێنگرەوەی کریستیانۆ و مێسی و مۆ بەم دوو ئەستێرەیە بەراورد دەکات، کە دە ساڵە خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانیان قۆرخکردووە.