هه‌ولێر له خولی نایابی عێراق قورسترین یاری ئه‌م وه‌رزه ده‌كات
له خولی نایابی عێراق یانه‌ی هه‌ولێر سبه‌ی چوارشه‌ممه له كاتژمێر 3:00ـی ئێواره له یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری یه‌كه‌مین یاری له ژێر سه‌رپه‌رشتی راهێنه‌ر نوێیه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر یانه‌ی شورته‌ی پێشه‌نگی خوله‌كه ئه‌نجام ده‌دات.
هه‌ولێر له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورس‌دا
له گه‌ڕی دوازده‌هه‌می خولی نایابی تۆپی پێی عێڕاق یانه‌ی هه‌ولێر به دۆخێكی خراپه‌وه میوانداریی یانه‌ی شوڕته ده‌كات، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه یانه‌ی هه‌ولێر 2 رۆژ پێش ده‌ستپێكی ئه‌م یارییه گۆڕانكاری له ستافی راهێنه‌رانی یانه‌كه‌ی كرد، عیماد عۆده‌ی دوورخستۆته‌وه و نازم شاكری خسته شوێنه‌كه‌ی، به‌مه‌ش راهێنه‌ره نوێیه‌كه‌ی هه‌ولێر بۆ چواره‌مجاره ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه‌ی پایته‌ختی باشووری كوردستان له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، یارییه‌كه‌ی شورته بۆ نازم شاكر ده‌بێته یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌ی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یانه‌ی قه‌ڵاومناره.
دۆخی یانه‌ی هه‌ولێر له‌م وه‌رزه
هه‌ولێر له 3 یاری رابردوو ته‌نیا یه‌ك خاڵی كۆكردۆته‌وه، له دوایین 2 یاریشدا به‌رامبه‌ر یانه‌كانی سه‌ماوه و حدوود تووشی شكست بووه، له كۆی 11 یاری ئه‌م وه‌رزه سێ بردنه‌وه و چوار یه‌كسان بوون و چوار شكستی هه‌یه و ته‌نیا 13 خاڵی به‌ده‌ستهێناوه و پله‌ی یازده‌هه‌می ڕیزبه‌ندی خوله‌كه‌ی گرتووه.
شوڕته ئاوڕی له شكست نه‌داوه‌ته‌وه
یانه‌ی شورته ئه‌م وه‌رزه به هێزێكی زۆره‌وه پێشوازی له خوله‌كه كردووه و له وه‌رزی ئه‌مساڵ هیچ یارییه‌كی نه‌دۆڕاندوه و 7 بردنه‌وه و 3 یه‌كسان بوونی هه‌یه، شوڕته سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یارییه‌كی له هه‌ولێر كه‌متر ئه‌نجام داوه به 24 خاڵ سه‌رووی ریزبه‌ندی خولی نایابی عێراقی گرتووه.
مێژووی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی نێوان هه‌ولێر و شورته
به‌رده‌وام رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر و شورته پڕبووه له ململانێیه‌كی سه‌خت و كه‌مترین یه‌كسانبوونی تێدا تۆمار كراوه، له دوای ساڵی 2000ـه‌وه ئه‌م دوویانه‌یه 19 جار رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه، هه‌ولێر 9 یاری له سه‌وزپۆشه‌كانی به‌غدا بردۆته‌وه، شورته‌ش 8 سه‌ركه‌وتنی له دژی زه‌ردپۆشه‌كانی پایته‌خت تۆمار كردووه و ته‌نیا 2 یاریش به یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه.
دوایینجار له وه‌رزی 2015 ـ 2016 یانه‌ی شورته له‌سه‌ر یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری به 2 گۆڵی بێوه‌ڵام له هه‌ولێری بردۆته‌وه، به‌ڵام نوێنه‌ره‌كه‌ی پایته‌خت له یاری چوون له نێو به‌غدا شكستی به شوڕته هێنا و 3 جار تۆڕی یانه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی به‌غدای هه‌ژاندووه.
خوله‌كه كه‌ی ده‌وه‌ستێت؟
یانه‌ی هه‌ولێر له دوای یارییه‌كه‌ی شوڕته، ئاماده‌كاری بۆ یاری سێشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌ی به‌غدا ده‌كات كه له نێو یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه ده‌چێت، راسته‌وخۆ دوای ئه‌م یارییه خوله‌كه تا كاتێكی نادیار ده‌وه‌ستێت، به‌هۆی به‌شداریكردنی هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق له پاڵه‌وانیه‌تی وڵاتانی ئاسیا كه له مانگی 1 له وڵاتی ئیماڕات به‌ڕێوه ده‌چێت.