یاریزانانی بارسێلۆنا لە کلاسیکۆی شەممە چەپڵە بۆ یاریزانانی ریال مەدرید لێدەدەن؟
K24- هەولێر
یاریزانان و هاندەرانی ریال مەدرید هیوا دەخوازن پێش دەستپێکردنی یاریی کلاسیکۆ هاوشێوەی ساڵی 2008 جارێکی دیکە یاریزانانی بارسێلۆنا بە ریز بوەستن و چەپڵە بۆ ریال مەدرید لێبدەن.
دوای ئەوەی ریال مەدرید لە ئیمارات بووە پاڵەوانی مۆندیالی یانەکان، میدیاکانی مەدرید بابەتی چەپڵەلێدانی یاریزانانی بارسێلۆنا بۆ ریال مەدریدیان وروژاند و وەکو نەریتی هەمیشەیی یانەکانی ئیسپانیا، پێشبینی دەکەن لە کلاسیکۆی شەممەی داهاتوو یاریزانانی بلاوگرانا چەپڵە بۆ مەدریدییەکان لێبدەن، بەڵام میدیاکانی کەتەلۆنیا رەتیدەکەنەوە ئەمە رووبدات.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی رایگەیاندووە، لە ساڵانی رابردوو یانەکانی سێڤییا و بارسێلۆنا و گرانادا چەپڵەیان بۆ رکابەرەکەیان لێ نەداوە و رۆژنامەکە کە نزیکە لە بارسێلۆنا رەتیکردووەتەوە شەممەی داهاتوو بارسا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەم کارە بۆ ریال مەدرید بکات، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز رەتیکردەوە ئاگاداری ئەوە بێت بارسێلۆنا چەپڵەیان بۆ لێدەدات یان نا، زیدانیش دەڵێت بیر لەم شتانە ناکەینەوە.
زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی
'ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە ئایا بارسێلۆنا پێش دەستپێکی کلاسیکۆ چەپڵەمان بۆ لێدەدات یان نا، ئێمە گرنگی بەوە نادەین، دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی یانەکان ئێستا تەنیا بیر لەوە دەکەینەوە چۆن خۆمان بۆ کلاسیکۆ ئامادە بکەین'.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گۆڵکاری ریال مەدریدی ئیسپانی
'شتێکی خۆش دەبێت ئەگەر یاریزانانی بارسێلۆنا پێش دەستپێکردنی کلاسیکۆ بە ریز بوەستن و چەپڵەمان بۆ لێبدەن، هیوادارم بتوانین لێشیان ببەینەوە، بۆ ئەوەی دووبارە رکابەریی لالیگا زیندوو بێتەوە'.
بەبۆنەی بەدەستهێنانی مۆندیالی یانەکانی ٢٠١٤، یاریزانانی ڤالێنسیا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ لە یەکەم یاریی ریال مەدرید دوای گەڕانەوەیان، پێش دەستپێکردنی یارییەکەیان چەپڵەیان بۆ یاریزانانی ریال مەدرید لێدا، ساڵی دواتریش یاریزانانی ریال بیتیس بەبۆنەی بەدەستهێنانی مۆندیالی یانەکان هەمان کاریان بۆ یاریزانانی بارسێلۆنا ئەنجام دا، بەڵام هێشتا لەسەر ئاستی یانەی بارسێلۆنا و سەرپەرشتیارانی لالیگا هیچ لێدوان و بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە و نازانرێت پێش دەستپێکی کلاسیکۆ مێسی و هاوڕێکانی چەپڵە بۆ کریستیانۆ و هاوڕێکانی لێدەدەن یان نا.