دوایین زانیاری لەبارەی پێکانەکەی هاری کەین

لەوانەیە بەشداریی مۆندیالی 2018 نەکات

هاری کەینی هێرشبەری یانەی تۆتێنهام هۆتسپێرسی ئینگلیزی لە یاریی شەوی رابردووی یانەکەی بەرامبەر بۆرنمۆس تووشی پێکان بوو و گومان دەکرێت پێکانەکەی سەخت بێت.
هاری کەین لە یاریی دوێنێی تۆتێنهام کە 4-1 لە بۆرنمۆسی بردەوە، لە قووڵەپێی تووشی پێکان بوو و دوای یارییەکە ماوریسیۆ پۆچێتینۆی بەڕێوەبەری هونەری تۆتێنهام دڵتەنگی خۆی بەهۆی ئەو پێکانەوە راگەیاند و ئاشکرایکرد، دوودڵە و نازانێت پێکانەکەی هاری کەین چۆنە و چەند دەخایەنێت.
چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە پشکنینی پزیشکۆ بۆ کەین بکرێت و راددەی پێکانەکەی دیاری بکرێت، کە میدیاکانی بەریتانیا ترسیان هەیە پێکانەکەی کەین سەخت بێت، تەنانەت رۆژنامەی گاردیان رایگەیاندووە، لەوانەیە هاری کەین نەتوانێت بەشداریی مۆندیالی رووسیا بکات کە تەنیا سێ مانگ ماوە بۆ دەستپێکردنی.
کەین لەم وەرزە بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی پرێمەرلیگی گرتووە و ئەستەمە بتوانێت تا کۆتایی ئەم وەرزە یاریی بکاتەوە.