بە بەڵگە.. نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا بۆ بارسێلۆنا یەکلابووەتەوە

ریال مەدرید ناتوانێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات

K24- هەولێر

ئەگەر بە قسەی ئامارە مێژووییەکان بێت، ئەوا دەبێت ریال مەدرید دەست لە نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا بشوات، چونکە هەر کاتێک ریال مەدرید لە خولەکە بە جیاوازی 10 خاڵ یان زیاتر لە بارسێلۆناوە دوور بێت، نەیتوانیوە ریمۆنتادا بکات و نازناوی ئەو وەرزەی لەدەست داوە.
ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردووی لالیگا و خاوەنی 33 نازناوی خولەکە، ئەم وەرزە دوای تێپەڕبوونی 12 گەڕ بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت و 10 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگ و سێ خاڵ لە ڤالێنسیای دووەمەوە دوورە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی، دەبێت هاندەرانی ریال مەدرید لە پاریزگاریکردن لە نازناوی لالیگا بێ هیوابن، چونکە مێژوو پێمان دەڵێت ریال مەدرید ناتوانێت ریمۆنتادا بکات.
وەرزی 2013/2012 بارسا بە 100 خاڵ بووە پاڵەوانی لالیگا، لەمکاتێکدا لەو وەرزە دوای کۆتایی هاتنی قۆناخی یەکەم بارسێلۆنا بە جیاوازی 18 خاڵ لە پێشەوەی ریال مەدرید بوو، وەرزی 2009/2008 بارسا لە کۆتایی قۆناخی یەکەم 12 خاڵ بە پێش ریال کەوت، هەرچەندە مێرێنگی جیاوازییەکەی بۆ تەنیا چوار خاڵ کەمکردەوە، بەڵام بلاوگرانا لە کلاسیکۆ 6-2 لە ریال مەدریدی بردەوە و هەموو شتێکی یەکلاکردەوە.
وەرزی 2006/2005 کاتێک بارسێلۆنا بە سەرکردایەتی فڕانک ریکارد بە جیاوازیی 13 خاڵ لە ریال مەدرید دوورکەوتەوە، لۆس بلانکۆس نەیتوانی جیاوازییەکە کەم بکاتەوە و لە کۆتایی وەرز یانە کەتەلۆنییەکە بە جیاوازی 12 خاڵ بووە پاڵەوان.
وەرزی 1998/1997 دوای تێپەڕبوونی 32 گەڕ بارسێلۆنا بە جیاوازی 21 خاڵ بە پیش ریال مەدرید کەوت و لە کۆتایی وەرزیش هەر بارسا بووە پاڵەوان.
ئەگەر مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، ئەوا بارسێلۆنا لە کۆتایی ئەم وەرزە بۆ جاری بیست و پێنجەمین نازناوی لالیگا بەرز دەکاتەوە، هەرچەندە هێشتا دوو لەسەر سێی یارییەکانی خولەکە ماوە و زینەدین زیدان رەتیدەکاتەوە تەسلیم بێت.