بەڤیدیۆ.. کاردانەوەکانی گۆڵە هەژمارنەکراوەکەی مێسی

ناوبژیوان گۆڵێکی دروستی مێسی بەرامبەر ڤالێنسیا هەژمار نەکرد
kurdistan24.net

K24- هەولێر

لە یاریی نێوان ڤالێنسیا و بارسێلۆنا کە بە گۆڵێک هەردوولا یەکسانبوون، ئێگناسیۆ ڤیلانوێڤای ناوبژیوانی یارییەکە گۆڵێکی دروستی لیۆنێل مێسی هەژمارنەکرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یاریزانان و راهێنەری بارسێلۆنا و رۆژنامە کەتەلۆنییەکان رەخنە لە ناوبژیوانەکە بگرن و بڕیارەکەی بە زوڵم وەسف بکەن.

ئێرنیستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری بارسێلۆنای ئیسپانی
ئێرنیستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری بارسێلۆنای ئیسپانی

ئێرنیستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری بارسێلۆنای ئیسپانی:

لە نیوەی یەکەم ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد و گۆڵێکمان کرد بەڵام رەتکرایەوە، لە نیوەی دووەم ڤالێنسیا بەهێزتر دەرکەوت و ناچاریان کردین کەمتر هێرش ببەین و کەمتر هێرش ببەین.
بەرامبەر مالەگە ئێمە سوودمان لە هەڵەیەکی ناوبژیوان بینی و ئالبا تۆپی لە دەرەوەی یاریگە یاریی پێکرد، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی بڕیاری ناوبژیوانەوە زەرەرمان پێگەیشت، لەوانەیە بەهۆی هەلە وەستانی یاریدەدەری ناوبژیوانەوە بووبێت.
بەرامبەر تیپێک یاریمان کرد پشتی بە هێرشی پێچەوانە دەبەست و لە هێرشەکانیاندا زۆر مەترسیداربوون، ئێمە لە نیوەی یەکەم ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد و کۆنتڕۆڵی یارییەکەمان کردبوو، بەڵام لە نیوەی دووەم نەمانتوانی بەم شێوەیە کۆنتڕۆڵی یارییەکە بکەین.
دوای گۆڵەکەی ڤالێنسیا بڕیارمان دا زیاتر بچینە پێشەوە، لە کاتێکدا لە دواوە بۆشایی زۆرمان بەجێهێشت و مەترسی هەبوو ڤالێنسیا گۆڵی دووەم بکات.
ئێمە بۆ سەرکەوتن هاتبووین و پێموایە هەردوو لامان بە شێوازی خۆمان بۆ بردنەوە یاریمان دەکرد بەڵام لە کۆتاییدا خاڵەکانی یارییەکەمان لە نێوان خۆمان دابەشکرد.
نازانم ئەگەر گۆڵەکەی مێسی هەژماربکرابایە ئەنجمای یارییەکە چی بەسەر دەهات، لەوانەبوو یارییەکە ببەینەوە چونکە دەبووە پاڵنەرێکی باش.

خۆردی ئالبا، بەرگریکاری بارسێلۆنای ئیسپانیا
خۆردی ئالبا، بەرگریکاری بارسێلۆنای ئیسپانیا

خۆردی ئالبا، بەرگریکاری بارسێلۆنای ئیسپانی:

'راستە ناوبژیوان مرۆڤە و هەڵە دەکات، بەڵام ناتوانێت بڵێت ئەم گۆڵەی مێسیم نەبینی، ئێمە دوو خاڵمان بەهۆی بڕیارەکانی ناوبژیوانەوە لەدەست دا. من لە ناوەڕاستی یاریگەوە بینیم تۆپەکە چووە ناو گۆڵ، نازانم ناوژیوان چۆن نەیبینی، لە یاریی تۆپی پێدا هەندێکجار بەخت وادەکات ئەنجامی یارییەک بگۆڕێت، بەڵام کاتێک بەهۆی بڕیاری ناوبژیوان و یاریدەدەرەکانی دەدۆڕێیت ئەوا بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.

وەرزی رابردوو بەهەمان شێوە نازناوی لالیگایان لە ئێمە دزی، بەرامبەر ریال بیتیس تۆپ چووە ناو گۆڵ، کەچی ناوبژیوان گۆڵەکەی هەژمار نەکرد، هەموو جیهان گۆڵەکەی بینی، تەنیا ناوبژیوان نەبێت'.

ئاندرێس ئینیێستا، ناوەڕاستکاری بارسێلۆنای ئیسپانی
ئاندرێس ئینیێستا، ناوەڕاستکاری بارسێلۆنای ئیسپانی

ئاندرێس ئینیێستا، ناوەڕاستکاری بارسێلۆنای ئیسپانی:

' هەموو خەڵک گۆڵەکەی مێسی بینی تەنیا ئەو کەسە نەبێت کە توانای بڕیاردانی لەسەر چارەنووسی گۆڵەکە هەبوو، زۆر ئاشکرا و روون تۆپەکە چووە ناو گۆڵ، بەڕاستی ئەمە جێگای قبووڵکردن نییە.

ئێمە بەهۆی بڕیارەکانی ناوبژیوانەوە نەمانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنین'.

سێرخیۆ بۆسکێتس، ناوەڕاستکاری بارسێلۆنای ئیسپانی
سێرخیۆ بۆسکێتس، ناوەڕاستکاری بارسێلۆنای ئیسپانی

سێرخیۆ بۆسکێتس، ناوەڕاستکاری بارسێلۆنای ئیسپانی:

'هەست بە دڵتەنگی دەکەم، چونکە گۆڵێکی دروستمان هەژمارنەکرا، ناوبژیوان و یاریدەدەرەکەی نەیانبینی، لالیگا باشترین یاریزانەکانی جیهانی لێیە و بەهێزترین خولی جیهانە، پێویستە پەنا بۆ ناوبژیوانی ڤیدیۆیی ببەین، بۆ ئەوەی دادپەروەری لە خولەکە پەیڕەو بکەین. ئێمە شایستەی بردنەوە بووین، بەڵام بەهۆی بڕیارەکانی ناوبژیوانەوە نەمانتوانی ببەینەوە'.

گۆڵە هەژمارنەکراوەکەی لیۆنێل مێسی بەرامبەر ڤالێنسیا