یاریی شێروانە و زێرەڤانی بەهۆی نالەباری کەشوهەوا بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

وابڕیاربوو سبەی دووشەممە یارییەکە لە کەلار بەڕێوە بچێت

بەفەرمی یاریی نێوان شێروانە و زێرەڤانی لە خولی نایابی کوردستان بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

بەهۆی ئەو شەپۆڵە باران بارینەی لە 48 کاتژمێری رابردوو رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، تەڵعەت سەعدوڵا، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند 'بەهۆی خراپی کەشوهەوا و نالەباری یاریگە بڕیارمان دا یارییەکەی سبەی دووشەممە کە وابڕیاربوو لەمیانی یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان لە نێوان شێروانە و زێرەڤانی لە کەلار بەڕێوە بچێت بۆ کاتێکی دیکە دوابخەین و دواتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکە بڕیاری خۆی دەدات'.

وابڕیارە سبەی دووشەممە جگە لە یارییەکەی شێروانە و زێرەڤانی لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان سێ یاریی دیکە بەڕێوە بچێت و لە هەولێر برایەتی میوانداریی زاخۆ دەکات و هەولێریش دەبێتە میوانی هەندرێن، لە سلێمانیش نەورۆز میوانداریی ئارارات دەکات.

خشتەی یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان
خشتەی یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان