گرافیک.. خەریکە پێکان گاریس بەیل لەناو دەبات

بەیل بەهۆی 24 پێکانەوە لە 73 یاریی ریال مەدرید دابڕاوە
kurdistan24.net

خەریکە پێکان گاریس بەیل لەناو دەبات, لەوەتەی 26ی سێپتێمبەرەوە مانگێک و نیوە یاریزانەکەی ریال مەدرید لە یاریکردن دابڕاوە و بەهۆی پێکانەوە هێرشبەرە وێلزییەکە لە دوایین 60 یاریی ریال مەدرید تەنیا 20 یاری کردووە و لەوکاتەی چاوەڕێ دەکرا هەفەتی داهاتوو بگەڕێتەوە یاریکرد، کەچی لە ماسوڵکەکانی رانی تووشی پێکان بوو و بەلایەنی کەمەوە تاکو مانگێکی دیکە ناگەڕێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بێت، ئەستەمە بەیل تا کۆتایی ئەمساڵ پێ لە تۆپ بداتەوە و لە 2017 بەیل پێنج جار تووشی پێکان بووە و بەمهۆیەوە 131 رۆژ لە یاریکردن دابڕاوە و ئەمساڵ تەنیا 14 یاری بۆ ریال مەدرید ئەنجامداوە.
لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، بەیل 24 جار تووشی پێکان بووە، واتە پێنج پێکان لە هەر وەرزێکدا و تاکو ئێستا 299 رۆژ لە یاریکردن دابڕاوە و لەم ماوەیەشدا 73 یاری لەدەستچووە، واتە لە 44%ی یارییەکانی مێرێنگی بەشداریی نەکردووە.
بەیل پێنج وەرزە درێسی ریال مەدرید دەپۆشێت و لە وەرزی یەکەم 2014/2013 بەیل نۆ جار تووشی پێکان بوو و بەمهۆیەوە 15 یاریی لەدەستچوو
دواتر لە وەرزی 2015/2014 هێرشبەرەکەی ریال مەدرید 3 جار تووشی پێکان بوو و 9 یاریی لەدەستچوو
لە وەرزی 2016/2015ش پیاوە وێلزییەکە 6 جار تووشی پێکان بوو و 19 یاریی لەدەستچوو
لە وەرزی 2017/2016ش سێ جار تووشی پێکان بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وەرزی رابردوو 27 یاری لەدەست بچێت
هێرشبەرەکەی پێشووی تۆتێنهام لەم وەرزەش ئەمە سێیەمین جارە تووشی پێکان دەبێت و بەمهۆیەوە تاکو ئێستا 16 یاریی ریال مەدریدی لەکیس چووە.
بەیل لە 2013 بەرامبەر زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی شەش وەرز پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، واتە تێچووی هەر وەرزێکی بەیل بەپێی گرێبەستەکەی 16,7 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و 19 ملیۆن یۆرۆش مووچەی هەر وەرزێکی دەبێت
بەیل لەوەتەی لە ریال مەدریدە، 159 یاریی ئەنجامداوە، واتە تاکو ئێستا 168 ملیۆن و 800 هەزار یۆرۆ لەسەر لۆس بلانکۆس کەوتووە و بۆ هەر یارییەک زیاتر لە ملیۆنێک یۆرۆ لەسەر یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا دەکەوێت.