رامۆس به‌رگری له‌ كریستیاتۆ و مێسی ده‌كات و گاڵته‌ به‌ گریزمان ده‌كات

رامۆس بۆ گریزمان: زۆر نه‌زانیت ئه‌گه‌ر پێتوا بێت له‌ ئاستی كریستیانۆ و مێسی

دوای ئه‌وه‌ی ئانتوان گریزمان ره‌خنه‌یه‌كی توندی له‌ فیفا گرت و پێیوایه‌ له‌ ئاستی كریستیانۆ و مێسی دایه‌، كه‌چی زوڵمیان لێ كردووه‌ و بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی 2018 به‌ربژێریان نه‌كردووه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ رامۆس وه‌ڵامی گریزمان ده‌داته‌وه‌ و گاڵته‌ی پێده‌كات.

سێرخیۆ رامۆس كاپتنی ریال مه‌درید له‌ پرێس كۆنفرانسێك له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی یانه‌كه‌ی له‌ چامپیۆنزلیگ وه‌ڵامی گریزمانی دایه‌وه‌ و پێیوایه‌ ئه‌و زۆر نه‌زانه‌ ئه‌گه‌ر خۆی بێنێته‌ ڕیزی كریستیانۆ و مێسی.

رامۆس گوتیشی: ده‌مه‌وێت چه‌ندان ئه‌ستێره‌ی گه‌وره‌ به‌بیر به‌و منداڵه‌ی یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید بهێنمه‌وه‌ كه‌ پێشتر خه‌ڵاتی تۆپی زێرینیان نه‌بردۆته‌وه‌، له‌وانه‌ (بوفۆن، تۆتتی، مالدینی، چاڤی هێرناندێز، ئینیێستا، رائول و كاسیاس).

رامۆس ده‌شڵێت: ئامۆژگاری ئه‌و منداڵه‌ ده‌كه‌م جارێكی تر ئه‌گه‌ر ویستی قسه‌یه‌كی له‌خۆی گه‌وره‌تر بكات، پێشتر ڕاوێژ و پرس گۆدین یان سیمیۆنی بكات.

گریزمان له‌ دیمانه‌یه‌كی دوێنێی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیا گوتی: پێموایە ئێستا لە ئاستی کریستیانۆ و میسیدام و دەتوانم لەسەر هەمان مێزی باشترینەکان دابنیشم، بەداخەوە بە نەبینینی هیچ یاریزانێکی فڕەنسی لە لیستی کۆتایی به‌ربژێرانی زه‌ بێست زۆر تووڕە بووم، بەڵام ناتوانم هیچ بکەم، بەداخەوە لە مۆندیال ئێمە هەموو شتێکمان کرد و پاڵەوانێتییەکی باشمان بەڕێکرد، بەڵام نە ناوی من نە مباپێ و ڤاران و کانتی لە لیستی کۆتاییەکەی فیفا نەبوو، ئێستا ئامانجی من خەڵاتی بالۆن دۆرە، سێ مانگم لەبەردەمە و پێویستە هەموو شتێک بکەم'.