بەڤیدیۆ.. ناوبژیوانێکی کورد یارییەکانی پاڵەوانێتی فووتساڵی یانەکانی ئاسیا بەڕێوە دەبات

هاوکار سالار تاکو ئێستا سێ یاریی لە پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەبردووە
kurdistan24.net

هاوکار سالار وەکو یەکەم ناوبژیوانی کورد یارییەکانی پاڵەوانێتی فووتساڵی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەڕێوە دەبات.
هاوکار سالار کە بڕوانامەی نێودەوڵەتی هەیە لە ناوبژیوانیەتیکردنی یارییەکانی فووتساڵ، لە ئیندۆنیسیا یەکێکە لەو ناوبژیوانانەی یارییەکانی پاڵەوانێتی فووتساڵی یانەکانی ئاسیا بەڕێوە دەبات.
ناوبژیوانە کوردەکە كه‌ هاوكات مامۆستای زانكۆیه‌، تاکو ئێستا لە پاڵەوانێتی فووتساڵی یانەکانی ئاسیا سێ یاریی بەڕێوەبردووە، ئەگەر یانەی نەفتی وەسەتی عێراقیش نەگاتە قۆناخەکانی داهاتوو، ئەوا چانسی هاوکار زیاترە بۆ ئەوەی یارییەکانی قۆناخەکانی داهاتووی پێبسپێردرێت.
ناوبژیوانەکەی سلێمانی لە پاڵەوانێتییەکەی ئاسیادا وەکو ناوبژیونای ناوەڕاست یارییەکانی جمبوری تایلەندی و ئێرینی قیرغیزستان لەلایەک و یاریی ڤامۆسی ئیندۆنیسی - دالیانی یانی ئینی چینی لەلایەکی دیکە بەڕێوەبردووە و لە یارییەکەی دیکەش وەکو ناوبژیوانی سێیەم بەشداریی کردووە.
هاوکار سالاری 38 ساڵ کە بڕوانامەی دکتۆراشی لە وەرزش هەیە، وەرزی رابردوو یاریی کۆتایی خولی فووتساڵی عێراقی لە نێوان نەفتی وەسەت و شورتە بەڕێوەبرد و سێ ساڵ لەمەوبەر یارییەکانی پڵاوتنەکانی فووتساڵی ئاسیاشی پێسپێدرا و یاریی کردنەوە و کۆتایی بەڕێوەبرد.
هاوكار سالار پێشتر لە خولی نایابی فووتساڵی ئینگڵاندیش یارییە گرنگەکانی پێسپێردراوە و ئێستا لەسەر ئاستی ئاسیا یەکێکە لە باشترین ناوبژیوانەکانی یاریی فوتساڵ.