ئەڵمانیای پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو بە شکست دەستی بە مۆندیالی 2018 کرد

بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە مەکسیک دۆڕا

ئەڵمانیای پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو بە شکست دەستی بە مۆندیالی 2018 کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە مەکسیک دۆڕا.

ئەڵمانیا لە یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی رووسیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە مەکسیک دۆڕا، هریڤینگ لۆزانۆ تاکە گۆڵی یارییەکەی لە نیوەی یەکەم تۆمارکرد و مەکسیک بەو گۆڵە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەمەش مەکسیک لە کۆمەڵەی شەشەم بووە خاوەنی سێ خاڵ.

ئەڵمانیا 32 ساڵە یەکەمجارە لە یاریی کردنەوەی مۆندیال تووشی شکست دەبێت، کە دوایین شکستی لە یەکەم یاریی مۆندیالی 1982 بوو، کاتێک ئەڵمانیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە جەزائیر دۆڕا.

هاندەرنای ئەڵمانیا تووشی شۆک بوون، چونکە هەمیشە مانشافت بەهێزەوە دەستی بە مۆندیالەکان کردووە، لە مۆندیالی 2002 بە ئەنجامی 8-0 لە سعوودیەی بردەوە، لە 2006 بە ئەنجامی 4-2 لە کۆستاریکای بردەوە، لە یاریی کردنەوەی مۆندیالی 2010 و 2014 گۆڵبارانی ئوستڕالیا و پۆرتوگالی کرد و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە هەردوو هەڵبژاردەی بردەوە.

لەوەتەی مۆندیالی 2002 ئەمە پێنجەمین پاڵەوانی مۆندیالە لە یەکەم یاریی مۆندیالی دواتر ناتوانێت بباتەوە، فڕەنسای پاڵەوان لە مۆندیالی 2002 لە یەکەم یاریی بەرامبەر سەنیگال دۆڕا، تەنیا بڕازیل وەکو پاڵەوانی مۆندیال یەکەم یاریی مۆندیالی 2006 بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردییەوە، ئەگینا ئیسپانیاش لە مۆندیالی رابردوو لە یەکەم یاریی تووشی شکست بوو.