ئارسێناڵ یەکەم ئۆفەری بۆ کڕینی ئۆبامیانگ پێشکەشی بۆرووسیا دۆرتمۆند کرد

ئارسێناڵ دەیەوێت بیکاتە جێنشینی ئالێکسس سانچێز

K24- هەولێر

ئارسێناڵ بەفەرمی یەکەم ئۆفەری بۆ کڕینی پیێر ئێمریک ئۆبامیانگ پێشکەشی یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی کرد.
هانز یواخیم ڤاتسکێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بەفەرمی گەیشتنی یەکەم ئۆفەری ئارسێناڵی لە پێناوی کڕینی ئۆبامیانگی هێرشبەری گابۆنی یانە ئەڵمانییەکەی راگەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەی ئۆفەرەکەی گەنەرز بدرکێنێت، بەڵام میدیاکانی بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، نرخی ئۆفەرەکەی ئارسێناڵ 50 ملیۆن یۆرۆیە.
ئۆبامیانگی ٢٨ ساڵان لەم وەرزە لەگەڵ دۆرتمۆند لە 23 یاری 21 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام لەم وەرزە دوو جار لەلایەن یانەکەیەوە سزادراوە، بەهۆی ئەوەی لە راهێنانەکانی یانەکەی درەنگ کەوتبوو.
ئارسێناڵ دەیەوێت ئۆبامیانگ بکاتە جێنشینی ئالێکسس سانچێز و لەم زستانە بیگوازێتەوە ریزەکانی، کە لە هاوینی رابردووەوە دەنگۆی رۆیشتنی ئۆبامیانگ لە سیگنال ئیدۆنا پارک هەیە.