مێسی له‌ خۆشی رۆیشتنی كریستیانۆ بۆ یوڤێنتۆس ئاهه‌نگی گێراوه‌

بۆ یه‌كه‌مجار چیرۆكی پشت په‌رده‌ی مێسی له‌ باره‌ی رۆیشتنی كریستیانۆ ئاشكرا ده‌بێت

هه‌وراز كاوه‌

ئه‌و كڵاویكی ڕه‌ش و چاویله‌كه‌یه‌كی خسته‌ سه‌ر چاوه‌كانی و فانیله‌یه‌كی سپی و شۆرتێكی سووری له‌ پێكرد، پاشان خانه‌واده‌كه‌ی هاتنه‌ سه‌ر رۆخی ده‌ریا و هه‌موو پێكه‌وه‌ سواری پشتی كه‌شتییه‌كه‌ بوون به‌ره‌ و دوورگه‌ی ئیبیزای به‌رشه‌لۆنه‌ ڕۆشتن و ده‌یانویست هه‌موو ڕووداوه‌كانی جامی جیهانی له‌یاد بكه‌ن، به‌ڵام له‌نه‌كاو هه‌واڵێكی گه‌رمیان پێگه‌یشت كه‌ گوایه‌ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بڕیاریداوه‌ بۆ یاریكردن ڕوو بكاته‌ یه‌كێك له‌ یانه‌كانی ئیتاڵیا و ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ك بیریانی ئاڵۆز كرده‌وه‌.

لیۆنێل میسی ئه‌و بۆخۆی زۆر كاتی نییه‌ ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆن بكات، به‌ڵام به‌لایه‌وه‌ گرنگبوو بزانێت ڕۆیشتنی ڕۆناڵدۆ بۆ یانه‌ی یۆڤانتۆس زۆری ماوه‌، یاخود له‌ یانه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ زۆر گوێی له‌ ڕادیۆكانی ئیسپانیا ده‌گرت هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ پشتڕاست بكه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌یویست وایده‌ربخات زۆر گرنگی به‌ بابه‌ته‌كه‌ نادات و كه‌متر خۆی له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌كان سه‌رقاڵ ده‌كرد و زیاتر له‌سه‌ر پشتی كه‌شتییه‌كه‌ به ‌ڕووتی ڕوو له‌ هه‌تاوه‌كه‌ پاڵكه‌وتبوو. تا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ دورگه‌كه‌ میسی هیچی له‌سه‌ر ڕۆیشتنی ڕۆناڵدۆ ده‌ستنه‌كه‌وت، به‌ڵام كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ته‌لۆنیا هه‌واڵی چوونی مادێرای بۆ یانه‌ی یۆڤانتۆس پێگه‌یشت، له‌وكاته‌دا لیۆ خه‌ریكی یاریكردنی پله‌سته‌یشن بوو به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین، كاتێك زانی موشه‌كه‌كه‌ی مادێرا لالیگای جێهشتووه‌ یارییه‌كه‌ی (cancel) كرده‌وه‌ و كه‌مێك له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی ده‌سته‌كانی خسته‌ بن جه‌ناگه‌ی و هه‌ندێك بزه‌ی بۆكرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بڕیاریدا له‌ خانووه‌ تازه‌كه‌ی ئێواره‌ ئاهه‌نگێك بۆ هاوڕێكانی له‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ ساز بكات. خانوو و ماڵه‌ نوێكه‌ی لیۆ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كۆشكه‌كانی جیهان و له‌شێوه‌ی یاریگای تۆپی پێ‌ دروستكراوه‌، هه‌روه‌ها كه‌وتۆته‌ (22) كیلۆمه‌تر پشتی چیاكانی كه‌ته‌لۆنیا و ئه‌ندازیاری به‌ناوبانگ (لویس دی گاریدۆ) نه‌خشه‌ی بۆ كێشاوه‌ له‌ ناوچه‌ی (كاستیلدیڤیلسه‌).

میسی دوای ئه‌وه‌ی به‌ كاپتنی به‌رشه‌لۆنه‌ دیاریكرا و ئێنیستا ماڵئاوایی له‌ هاوڕێكانی كرد، ده‌رفه‌ت له‌وه‌ باشتر نه‌ده‌بوو هاوتیپه‌كانی بۆ ئێواره‌ خوانێك بانگ بكات، ئه‌وانیش له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ لویس سوارێز به‌بێ‌ دوو دڵی داوه‌ته‌كه‌ی میسی قبوڵكرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ندین خواردنی ڕووه‌كی و گۆشتی ماسی و خواردنه‌وه‌ی جۆراوجۆر له‌سه‌ر مێزێك له‌ ماڵی لیۆ ئاماده‌كران، دوای نان خواردن و پێشوویه‌كی كورت میسی ده‌ستی به‌قسه‌كردن كرد و ده‌یوست ئه‌وه‌ی ئه‌وانی له‌سه‌ر كۆكردته‌وه‌ شرۆڤه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و بابه‌تی كاپتنه‌كه‌ی خۆی هه‌رزوو له‌یاد كرد. سه‌ره‌تا میسی وتی:

" كوڕینه‌ به‌ بۆچوونی من ڕۆیشتنی ڕۆناڵدۆ زیانی بۆ یانه‌ی ڕیاڵ نابێت، به‌ڵكو پێم وایه‌ كرانه‌وه‌ی زیاتر بۆ یاریزانه‌كان دێته‌ پێش، چونكه‌ هه‌بوونی ناوبراو له‌سه‌ر یاریگا وزه‌ی ئه‌وانی دیكه‌ی هه‌موو كوشتبوو، هه‌روه‌ها بۆ له‌مه‌ودوا ئاستی به‌رزی (ئیسكۆ و بێڵ و بنزیما) زیاتر ده‌بینین، ئه‌وه‌ بۆچوونی منه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچیان ناتوانن له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌كو كریستیانۆ پرێسینگ له‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كان دروست بكه‌ن".

به‌ڵام سێرجی بۆسكێتس هاته‌ گۆ و پێی وابوو:

" ئه‌وانه‌ی باسكران هیچیان ناتوانن له‌ وه‌رزێكدا نزیكه‌ی (50) گۆڵ بۆ یانه‌ی مێره‌نگی بكه‌ن، كه‌خۆی له‌ خۆیدا ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌ بۆ یانه‌كه‌ و ڕاهێنه‌ره‌ نوێكه‌ی ڕیاڵ".

هه‌روه‌ها پێكی ڕۆیشتنی ڕۆناڵدۆی به‌ڕاده‌ی شێتێتی پێخۆشبوو وتی:

" ئه‌ی بۆ باسی ئه‌وه‌ ناكه‌ن تاڕاده‌یه‌كی زۆریش بۆ له‌مه‌و دوا به‌رگریكاران تووشی ئیحراجی نه‌بن، به‌ پێكه‌نینه‌وه‌".

به‌ر له‌وه‌ی شه‌و به‌ره‌و ڕوون بوونه‌وه‌ بچێت، ئاسووده‌ییه‌كی زۆر باڵی به‌سه‌ر دانیشتنی ئه‌ستێره‌كانی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ ماڵی میسیدا كێشابوو، هه‌روه‌ها هه‌موو به‌وه‌ شادومان بوون، كه‌ یانه‌ی ڕیاڵ بێجگه‌ له‌ فرۆشتنی گه‌وره‌ترین یاریزانی تیپه‌كه‌ی نه‌یتوانیووه‌ هیچ ئه‌ستێره‌یه‌كی كاریگه‌ر بگوازێته‌وه‌، كه‌ئه‌مه‌ش ده‌رگای ڕكابه‌ری و هێزی زیاتر به‌ میسی و خودی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ ده‌دات و هه‌ر ئه‌وه‌ش مه‌به‌ستی لیۆ بوو له‌و دانیشتنه‌دا.

سه‌رچاوه‌: دیاریۆ گۆڵ