بە ڤیدیۆ.. بەدبەختی رووی لە مێسی کردووە

kurdistan24.net

K24- هەولێر

بەدبەختی رووی لە لیۆنێل مێسی کردووە و ئەو یاریزانە ئارجێنتینییە گرێی بەختی بەستراوە و شەوی رابردوو نەیتوانی هیچ گۆڵێک بەرامبەر ریال بیتیس تۆمار بکات.

لە یەکەم گەڕی لالیگا بارسێلۆنا بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی سوود لە تواناکانی لویس سوارێز وەربگرێت و بەهۆی رۆیشتنی نێیماریش، مێسی بە تەنیا لە بەرامبەر ریال بیتیس سەرکردایەتی یانەکەی کرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵام لیۆ سەرەڕای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز نەیتوانی هیچ گۆڵێک بکات.

مێسی لە یارییەکە بە تەنیا 10 شووتی ئاڕاستەی گۆڵی بیتیس کرد، کە لە هەموو یاریزانەکانی یانەکەی زیاتر شووتی ئاڕاستەی گۆڵ کرد، بەڵام 3 شووتی مێسی لە بری هەژاندنی تۆڕی گۆڵ، ستوونی گۆڵەکەی بیتیسیان هەژاند، کە لە مێژووی لالیگادا ئەمە شەشەم یاریزانە لە یارییەکدا 3 لێدانی بەر ستوون بکەوێت.

مێسی سەرەڕای ئەوەی جامی سووپەری ئیسپانیای لە بەرامبەر ریال مەدرید دۆڕاند، لەم هاوینە یانەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانیش بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبێت و نەهامەتی رووی لەو یاریزانە کردووە.