یانەیەکی کوردستان لەسەر پۆستێکی فەیسبووک یاریزانێکی دەردەکات

یاریزانەکە لەسەر تەقەی خۆشی رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق قسەی کردووە

یانەیەکی کوردستان لەسەر پۆستێکی کە بەبۆنەی تەقەی خۆشی کردبووی، یاریزانێکی یانەکەی دەردەکات.

یانەی خاک کە بارەگای سەرەکی یانەکە لە شاری کەرکووکە، لەسەر پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاریان دلێری یاریزانی یانەکەی دووردەخاتەوە، بەهۆی ئەوەی رۆژی 12ی ئەم مانگە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو یاریزانەی یانەی خاک لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لەبارەی تەقەی خۆشی نووسیبووی 'ئەو فیشەکانەی ئەمڕۆ تەقاندتان، رۆژی 16ی ئۆکتۆبەر بتانتەقاندبا ئێستا کەرکووک دۆخی وا نەدەبوو'.

ئاریان دلێری یاریزانی یانەی خاک کە دواتر پۆستەکەی سڕیوەتەوە، لەبارەی هۆکاری دوورخستنەوەی لە یانەکەی بە کوردستان24ی راگەیاند: 'بەرپرسانی یانەی خاک پەیوەندییان پێوەکردم و پێیان راگەیاندم تۆ لە فەیسبووک قسەت بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گوتووە و چیدیکە مەیەوە یانەکەمان'.

ئاریان دلێر کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە ریزی تیپی لاوانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر یاریی دەکات، پێشتر لە یانەکانی گازی باکوور و کەرکووک یاریی کردووە.

پۆستەکەی یاریزانەکەی یانەی خاک لەبارەی تەقەی خۆشی رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
پۆستەکەی یاریزانەکەی یانەی خاک لەبارەی تەقەی خۆشی رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق