ڤیدیۆ.. مێسی لە چامپیۆنزلیگ دوو ریکۆردی کریستیانۆی شکاند

بەرامبەر ئایندهۆڤن هاتریکی تۆمارکرد

لیۆنێل مێسی بەرامبەر ئایندهۆڤن بە هاتریکێک دوو ریکۆردی مێژوویی کریستیانۆ رۆناڵدۆی شکاند و بە پێش ئەو هێرشبەرە پۆرتوگاڵییە کەوتەوە.

لیۆنێل مێسی لە یەکەم گەڕی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگدا، لە یاریی نێوان بارسێلۆنای ئیسپانی و ئایندهۆڤنی هۆڵەندی هاتریکی تۆمارکرد و سەرکردایەتی بلاوگرانای کرد بۆ سەرکەوتن بە ئەنجامی 4-0، لیۆ بەو هاتریکەی چەندان ریکۆردی تۆمارکرد.

لیۆنێل مێسی بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا هەشت هاتریک تۆمار بکات، پێشتر بە هاوبەشی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی هێرشبەری یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی ئەم ریکۆردەیان تۆمارکردبوو، بەڵام مێسی بەم هاتریکە بە پێش کریستیانۆ کەوتەوە.

لیۆ بەو سێ گۆڵەی شەوی رابردوو تۆماریکرد، ژمارەی گۆڵەکانی لە قۆناخی کۆمەڵەکان بۆ 63 گۆڵ بەرزکردەوە، بەمەش بووە خاوەنی زۆرترین گۆڵ لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، لە کاتێکدا پێشتر ئەم ریکۆردە مێژووییەش بەناوی خۆی و دۆن بوو، بەیەکەوە 60 گۆڵیان تۆمارکردبوو.

مێسی جگە لەم دوو ریکۆردە مێژووییە، بووە یەکەم یاریزانیش لە ساڵیکدا 8 گۆڵ بە لێدانی راستەوخۆ تۆمار بکات، کە تاکو ئێستا لە 2018 بە لێدانی راستەوخۆ 8 گۆڵی کردووە. بووە یەکەم یاریزانیش لە مێژووی چامپیۆنزلیگ 14 وەرز لەسەر یەکتری لەگەڵ یەک یانە گۆڵ بکات.

ئەمشەو کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆیەکەمجار بە درێسی یۆڤێنتۆس لە چامپیۆنزلیگ یاریی دەکات و لە یەکەم گەڕ لە ئیسپانی دەبنە میوانی ڤاڵێنسیا و چاوەڕێی یاریی ئەمشەوی کریس دەکرێت، بۆ ئەوەی کاردانەوەی دۆن بەرامبەر شکێنرانی ئەو دوو ریکۆردەی بزانرێت.