کریستیانۆ رەخنە لە بڕیاری فرۆشتنی پیپی و مۆراتا و خامێس دەگرێت

رۆناڵدۆ ئامادە نییە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێبکاتەوە

K24- هەولێر

کریستیانۆ رەخنە لە بڕیاری فرۆشتنی کلێبەر پیپی و خامێس رۆدریگێز و ئالڤارۆ مۆراتا دەگرێت و پێیوایە کارگیڕانی یانەی ریال مەدرید بڕیارێکی هەڵەیان داوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ هەینی ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ رەخنەی لە بڕیاری فرۆشتنی کلێبەر پیپی، خامێس رۆدریگێز و ئالڤارۆ مۆراتا گرتووە و پێیوایە نەدەبووایە هاوینی رابردوو ئەم سێ یاریزانە بەڕێبکرێن، کە پیپی بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید و نوێنەکرانەوەی گرێبەستەکەی روویکردە بێشیکتاشی تورکی و خامێسیش بە خواستن بۆ دوو وەرز پەیوەندیی بە بایرن میونشن کرد و مۆراتاش فرۆشرایە چێڵسی.
ریال مەدرید بەهۆی فرۆشتنی پیپی، کاتێک ڤاران تووشی پێکان دەبێت پشت بە ناچۆ دەبەستێت و هاندەرانی ریال مەدریدیش گلەییان لە ئاستی بێنزێما هەیە. رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ بڕیاری داوە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێ نەکاتەوە، کە دوای چوار سالی دیکە بەکۆتا دێت.

میدیاکانی مەدرید بڵاویان کردووتەوە، بەرپرسانی ریال مەدرید گلەییان لەو لێدوانانە هەبووە کە کریس دوای یارییەکەی تۆتێنهام بۆ میدیاکان دای و نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی راگەیاند، لە کاتێکدا ئێستا ریال مەدرید بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و دوو یاریی لەسەر یەکی دۆڕاندووە.

رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی