بەوێنە.. ئەو یاریزانانەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ نەیهێشتووە ریال مەدرید بیانکڕێت

کریستیانۆ نەیهێشتووە ریال مەدرید ئیبراهیمۆڤیچ بباتە ریزەکانی

K24- هەولێر

رۆژنامەیەکی ئەڵمانی لیستی ئەو یاریزانانەی ئاشکراکرد کە بوونەتە قوربانی کریستیناۆ رۆناڵدۆ و بەهۆی رێگرییەکانی ئەو هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەوە، نەیانتوانیوە پەیوەندیی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە بکەن.

رۆژنامەی سپۆرت بێڵدی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەوەتەی لە 2009 لە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە کردووە، لە ماوەی 8 ساڵی یاریکردنی رێگری کردووە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ سێ ئەستێرەی دیار بکەن و سەرەڕای ئەوەی کارگێڕان و راهێنەرانی یانەکە رازی بوون بیانگوازنەوە یانەکەیان، کەچی کریس پەشیمانی کردوونەتەوە.

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ

رۆژنامە ئەڵمانییەکە ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێگەی خۆی لە ریال مەدرید بەکارهێناوە بۆ ئەوەی پێش گواستنەوەی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ بۆ ریزەکانی پاریس سانجێرمان، ریال مەدرید بیر لە گواستنەوەی ئیبرا نەکاتەوە، چونکە کریس پێیوابووە زڵاتان لەگەڵ ریال مەدرید ناگونجێت.

ئێدینسۆن کاڤانی
ئێدینسۆن کاڤانی

ئێدینسۆن کاڤانی یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ رێگری کردووە پەیوەندیی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە بکات، تەنانەت بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی سپۆرت بێڵدی ئەڵمانی پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید نزیکبووینە لەسەر گواستنەوەی هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە رێکبکەون، بەڵام رۆناڵدۆ دەستی هەبووە، لەوەی ریال مەدرید پاشەکشە لە کڕینی کاڤانیدا بکات.

ئارتۆرۆ ڤیدال
ئارتۆرۆ ڤیدال

ئارتۆرۆ ڤیدالی ناوەڕاستکاری بایرن میونشنی ئەڵمانی سەرەڕای ئەوەی لە شوێنی کریستیانۆ رۆناڵدۆش یاریی ناکات، بەڵام رۆناڵدۆ رازی نەبووە پێش ئەوەی ڤیدال لە یۆڤێنتۆسی ئیتاڵییەوە رووبکاتە ریزەکانی بایرن میونشنی ئەڵمانی، ریال مەدرید ئەم ناوەڕاستکارە چیلییە بکڕێت و قورسایی خۆی لە یانەکەی بۆ رێگریکردن لە کڕینی ڤیدال بەکارهێناوە.