پێکان بەرۆکی ریال مەدرید بەر دەدات و 4 یاریزانی بۆ دێربی مەدرید ئامادە دەبن

تەنیا تەواو ئامادەبوونی کۆڤاسیچ بۆ دێربی مەدرید مسۆگەر نییە

K24- هەولێر

لە دوای هەموو ناخۆشییەک خۆشییەک دێت، هاندەرانی ریال مەدریدیش دوای بەڕێکردنی دوو هەفتەی پڕ ئەنجامی خراپ و پێکرانی یاریزانانی یانەکەیان، بە چاکبوونەوەی پێکانی یاریزانەکانیان ئاهێکیان بەبەردا دێتەوە.
دانی کارڤاخال کە لەوەتەی کۆتایی مانگی سێپتێمبەرەوە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە لە یاریکردن دابڕاوە، بۆ یاریی داهاتووی ریال مەدرید ئامادە دەبێت و بە تەواوەتی لە نەخۆشییەکەی چاکبووەتەوە و بەشداریی دێربی مەدرید دەکات.
کەیلۆر ناڤاسیش کە لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە بەهۆی پێکانەوە شوێنەکەی بۆ کیکۆ کاسیا چۆڵکردووە، لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت بەرامبەر ئاتلێتیکۆ پارێزگاری لە گۆڵەکەی مێرێنگی بکات.
رافایل ڤارانیش کە بەهۆی پێکانەوە بەشداریی دوایین سێ یاریی ریال مەدریدی نەکرد، بە تەواوەتی بۆ یاریکردن ئامادەیە و پەیوەندی بە ریزی هەڵبژاردەی فڕەنسا کردووەتەوە و زیدان دەتوانێت لەمەودوا سوودی لێ وەربگرێت.
گاریس بەیلیش کە پێنج هەفتەیە ناتوانێت پێ لە تۆپ بدات، بۆ یاریی دێربی ئامادە دەبێت و پێشبینی دەکرێت وەکو یاریزانی سەرەکی بەشداریی یارییەکە بکات.
زیزۆ بۆ دێربی مەدرید دەتوانێت بە شێوەی سەرەکی پشت بە تواناکانی کارڤاخال و ڤاران و بەیل و ناڤاس ببەستێت، تەنیا تەواو ئامادەبوونی ماتیۆ کۆڤاسیچ بۆ دێربی مسۆگەر نییە، کە لە دەستپێکی ئەم وەرزەوە پێکان بەرۆکی بەر نادات و تەنیا 217 خولەک بەشداری یارییەکانی ئەم وەرزەی ریال مەدریدی کردووە.
زیدان لەم وەرزە ١٠ یاریزانی تووشی پێکان بووە، بەڵام ئەگەر ڤایرۆسی فیفا هیچ یاریزانێکی دیکەی بە پێکراوی بۆ نەنێرێتەوە، دوای دوو هەفتەی دیکە پێکان بەرۆکی یاریزانەکانی بەردەدات و ژووری پزیشکی ریال مەدرید چۆڵ دەبێت.