حەبیب نورمحەمەدۆف هۆکاری هێرشکردنە سەر هاوڕێکەی مەکریگۆر ئاشکرادەکات

گرژی کەوتە یارییەکە و پوتنیش پەیوەندی بە حەبیبەوە دەکات

K24 – هه‌ولێر:

ئەگەرچی حەبیب نورمحەمەدۆفی رووسی توانی بەسەر کۆنەر مەکگریگۆری ئیرلەندی لە یاری زۆرانبازی هونەری جەنگی تێکەڵ (یو ئێف سی 229) سەربکەوێت، بەڵام دوای یارییەکە گرژی دروستبوو و حەبیب هێرشیکردە سەر هاوڕێیەکی مەکگریگۆر.

کۆنەر مەکریگۆر پێش دەستپێکردنی یارییەکە وشەی نەشیاوی بەرامبەر ئەو زۆرانبازە رووسییە بەکارهێنابوو، ئەمەش گرژی یارییەکەی زیادتر کرد کە لە شاری لاس ڤێگاس لە ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

دوای شکستهێنان بە رکابەرەکەی، حەبیب هێرشیکردە سەر هاوڕێ و ئەندامێکی تیمەکەی مەکگریگۆر و چەند ئەندامێکی تیمەکەی حەبیبیش، هێرشیانکردە سەر مەکگریگۆر.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئاڕ تی رووسی، حەبیب لەگەڵ داوای لێبوردنکردن، هۆکاری هێرشەکەی و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ئاشکرادەکات: "من مرۆڤم، بۆ باس لەوە ناکەن کە ئەو قسەی بە ئاینەکەم، وڵاتەکەم و باوکم گوتووە. ئەو کاتێک هات بۆ برۆکلین و هێرشیکردە سەر پاسەکە، دوو کەسی لە مەرگ نزیکردەوە، ئەی دەربارەی ئەمانە چی؟".

ئەو زۆرانبازە رووسیە دەشڵێت: "میدیا لەبری ئەوەی باس لە هێرشەکەی من بکات دەبێت باس لە رێزگرتن بکات لەناو وەرزشدا. دەبێت رێز لەم وەرزشە هەبێت، نەک قسەی نەشیاو".

لەکۆتای قسەکانی، حەبیب نورمحەمەدۆف ئاشکرایکرد، ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، پەیوەندی پێوەکردووە و پیرۆزبایی بردنەوەی یاریی کۆتای لێکردووە.

H.J