6 ھۆکار وامان لێدەکات بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی مۆندیالی رووسیا بکەین

مۆندیالی ئه‌مجاره‌ چه‌ندان تایبه‌تمه‌ندی جیاوازی تێدایه‌

له‌ ئێستادا 23 هه‌ڵبژارده‌ راسته‌وخۆ بلیتی مۆندیالی 2018ـی رووسیایان بڕی، له‌ مانگی داهاتووش له‌ قۆناخی پاشكۆ 9 هه‌ڵبژارده‌ی دیكه‌ چاره‌نوسی گه‌یشتن به‌ مۆندیال یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌، بەڵام پێدەچێت مۆندیالی ھاوینی داھاتوو چێژبەخش بێت و لەو خاڵانەی خوارەوە وادەکات ھەموومان بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی مۆندیال بکەین:

یەکەم: گەڕانەوەی ئاست و شکۆی بەڕازیل و بوونی چەندان ئەستێرەی جیھانی لە ھەڵبژاردەکەدا، دیارترینیان (نێیمار دا سیلڤا، فلیپی كۆتینهۆ و گابرێل خیسۆس) كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ سێكوچكه‌یه‌كی تۆقێنه‌ر دروست بكه‌ن.

دووەم: لە مۆندیالی داھاتوو رەنگە زۆرترین ھەڵبژاردەی عەرەبی پشکداری بکەن، سعوودیە و میسڕ سەرکەوتن، چاوەڕواندەکرێت توونس و مەغریبیش ببینین، بەپێی ئەوەی نزیکن لەسەرکەوتن.

سێیەم: ھەڵبژاردەی ئایسلەندا كه‌ بچووكترین وڵاته‌ له‌ مێژوودا به‌شداریی له‌ مۆندیال ده‌كات، ژماره‌ی دانیشتووانی ناگاته‌ 400 هه‌زار كه‌س، به‌ڵام له‌ پاڵاوتنه‌كان دوای ئەوەی ھەردوو ھەڵبژاردەی کڕواتیا و تورکیای تێپەڕاند، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە مۆندیال، ئەو ھەڵبژاردەیە لە یۆرۆی رابردوو ئاستێکی نموونەیی پێشکەش کرد، خاوەن پێگەیەکی بەھێزە لەلایەن ھاندەرەکانی.

چوارەم: رەنگە ئەم مۆندیالە دوایین وێستگەی بەشداریکردن بێت بۆ چەند ئەستێرەیەکی جیھانی، وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی و سێرجیۆ رامۆس و مانوێل نوێر و جیانلویجی بۆفۆنیش لە ئەگەری سەرکەوتنی ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ مۆندیال و چەندانیتر.

پێنجه‌م: ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا یەکێکە لە هه‌ره‌ به‌ربژێره‌ به‌هێزه‌كان بۆ دەستخستنی ناسناوی مۆندیالی داھاتوو، دوای بەرزکردنەوەی جامی کیشوەرەکان لە ھاوینی رابردوو، دەیەوێت پارێزگاری لەناوبانگی خۆی و بەرگری لە ناسناوی مۆندیالی ٢٠١٤بکات.

شه‌شه‌م: به‌شداریكردنی هه‌ڵبژارده‌ی په‌ناما بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی مۆندیالدا، جیاوازی له‌ مۆندیالی داهاتوو به‌خشی، حكوومه‌تی په‌ناما به‌هۆی سه‌ركه‌وتنیان بۆ مۆندیالی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ی كرد پشووی فه‌رمی له‌ وڵاته‌كه‌ی و به‌ رۆژی نیشتیمانی ناساندی.

ئاماده‌كردنی: لوقمان عه‌لی