دادگەی وەرزشی جیهانی تانەکەی ئەیسی میلانی قبووڵکرد و سزایەکەی هەڵوەشاندەوە

ئەیسی میلان بەفەرمی دەتوانێت وەرزی داهاتوو بەشداریی یۆرۆپالیگ بکات

دادگەی وەرزشی جیهانی کاس بەفەرمی وەڵامی تانەکەی یانەی ئەیسی میلانی دایەوە و سزایەکەی سەر ئەو یانە ئیتالییەی هەڵوەشاندەوە.
دوای ئەوەی یانەی ئەیسی میلان تانەی لە بڕیاری سزادرانی لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاوە دابوو، کە بە تۆمەتی پابەند نەبوونی بە یاساکانی یاریی خاوێنەوە بۆ ماوەی دوو وەرز لە سەرجەم خولە ئەوروپییەکان سڕکرابوو. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی دادگەی کاسی جیهانی تانەکەی میلانی قبووڵکرد و سزایەکەی سەر رۆسۆنێری هەڵوەشاندەوە، بەمەش میلان دەتوانێت وەرزی داهاتوو بەشداریی یۆرۆپالیگ بکات، کە مارکۆ فاسۆنی بەڕێوەبەری گشتی یانەکە رۆلێکی سەرەکی هەبوو لە هەڵوەشاندنەوەی سزایەکەی سەر ئەیسی میلان.

ئەیسی میلان وەرزی رابردوو نەیتوانی بلیتێکی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر بکات، بەڵکو بلیتێکی یۆرۆپالیگی بەدەستهێنا و بەمەش مافی بەشداریکردنی یۆرۆپالیگی دەبێت و دوای هەڵگیرانی سزایەکەی سەری دەتوانێت بەشداریی یارییەکانی ئەو خولە ئەوروپییە بکات.