یانەیەکی گەورەی ئەوروپا دەیەوێت یوساین بۆڵت بگوازێتەوە ریزەکانی

خێراترین پیاوی جیهان ئۆفەری لە یانەیەکی بەناوبانگەوە بۆ هاتووە

یوساین بۆڵت ئۆفەرێکی دوو ساڵەی لە یانەیەکی گەورەی ئەوروپاوە پێگەیشتووە، بۆ ئەوەی لە ریزی ئەو یانەیە یاریی بکات.

رۆژنامەکانی ئەوروپا ئاشکرایانکردووە یانەیەکی بەناوبانگی ئەوروپی دەیەوێت سوود لە ناوبانگی یوساین بۆڵت، راکەری پێشووی جامایکی و یاریزانی تۆپی پێی ئێستای یانەی سێنترال کۆستی ئوستڕالی وەربگرێت و ئەو یاریزانە جامایکییە بۆ کۆکردنەوەی داهاتی زیاتری ریکڵام بگوازێتەوە ریزەکانی.

رۆژنامەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە ئەیسی میلانی ئیتاڵی ئەو یانەیە کە گرنگی بە بۆڵت دەدات و دەیەوێت ئەو یاریزانە جامایکییە بۆ ماوەی دوو وەرز بگوازێتەوە ریزەکانی.

بۆڵت دوای ئەوەی لە خولی ئوستڕالی لەگەڵ یانەی سێنترال کۆست دەستی بە یاریی تۆپی پێ کرد، هەینی رابردوو دوو گۆڵی تۆمارکرد و یەکێکە لە هاندەرە سەرسەختەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد و ماوەیەکیش لەگەڵ یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی راهێنانی کرد و جگە لەوەش لەلایەن یانەیەکی ماڵتاش ئۆفەرێکی پیشکەشکراوە بۆ ئەوەی یارییان بۆ بکات.