ڤیدیۆ: ژاپۆن بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە سعوودیەی بردەوە و گەیشتە چارەکی کۆتایی جامی ئاسیا

سعوودیە بووە سێیەم هەڵبژاردەی عەرەبی ماڵئاوایی لە جامی ئاسیای 2019 بکات

لە یاریگەی شاریقە، ژاپۆن و سعوودیە لە یاریی لوتکەی قۆناخی 16ی جامی نەتەوەکانی ئاسیا لەپێناوی بڕینی بلیتێکی قۆناخی چارەکی کۆتایی بەیەکگەیشتن و ژاپۆن بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی.
گرنگترین رووداوی یارییەکە لە خولەکی 20 روویدا، کاتێک تاکیهێرۆ تۆمیاسۆی بەرگریکار بە سەر گۆڵێکی بۆ ژاپۆن کرد و سامۆرایە شینپۆشەکان پێشوەختە گورزی خۆیان لە سعوودییەکان وەشاند و بە گۆڵێک پێشکەوتن.
کاردانەوەی یاریزانانی سعوودیە 15 خولەکی ویست، تاکو سوڵتان باهیری بە شووتێک بەختی خۆی تاقیکردەوە، بەڵام لە بەختی شویچی گۆندای گۆڵپارێز تۆپەکە بۆ دەرەوە بوو.
سعوودیە لەسەر هەوڵەکانی بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە بەردەوام بوو، لە نیوەی دووەم عەلی هادی ویستی بەهەمان شێوەی تاکیهێرۆ وەڵامی سامۆرایەکان بداتەوە و بە سەر گۆڵی بەرامبەربوون بکات، بەڵام تۆپەکەی بۆ دەرەوە بوو.
ژاپۆن بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە سعوودیەی بردەوە و و بۆ هەشتەم جار گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی و لەو قۆناخەش رووبەڕووی ڤێتنام دەبێتەوە، سعوودیەش بووە سێیەم هەڵبژاردەی عەرەبی لەسەر یەک ماڵئاوایی لە جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2019 بکات.