پێش كلاسیكۆ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ رووی له‌ بارسێلۆنا كردووه‌

پێكهاته‌ی بارسێلۆنا بۆ كلاسیكۆ له‌ مه‌ترسی دایه‌

دوای ئەوەی توماس ڤێرمایلنی بەرگریکاری بەلجیکی یانەی بارسێلۆنای لە یاری هەڵبژاردەکەی تووشی پێکان بوو، قەیرانی بەرگریکار لەو یانەیە درووست بووە و لەوانەیە کەتەلۆنیەکان بۆ یاری کلاسیکۆی بەرامبەر ریال مەدرید کە 28ـی ئەم مانگە دەکرێت، تەنها بە دوو بەرگریکاری ناوەراست یاری بکەن.

لە یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەلجیکا و سویسرا، هەواڵیکی ناخۆش گەیشتە هەرێمی کەتەلۆنیا، ئەویش ئەوەبوو کە بەرگریکاری بەلجیکی یانەکەیان، واتە تۆماس ڤێرمایلن تووشی پێکان بووە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم بەرگریکارە ئەستەمە بتوانێت بەشداری یاری کلاسیکۆی بەرامبەر ریال مەدرید بکات، کە بریاروایە 28ـی ئەم مانگە یارییەکە بکرێت.

 بارسێلۆنا لە ئێستادا تەنها دوو یاریزانی هەیە بۆ هێڵی ناوەراستی بەرگری یارییان پێ بکات، ئەوانیش جێرارد پیکێ و  کلێمێنت لێنگلێتن، ئەگەر بێت و یەکێک لەم دوو بەرگریکارەش پێش کلاسیکۆ تووشی پێکان بن، ئەوا ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری بلاوگرانا ناچارە لە دڵی بەرگری یاری بە سێرخیۆ بۆسکێتس یاخود سێمیدۆ بکات، کە ئەمەی یەکەمیان ناوەڕاستکارە و ئەمەی دووەمیشیان لە بالی راستی بەرگری یاری دەکات.

لەلایەکی دیکەوە هاندەران و بەرپرسانی بارسا هیوایان بەوە هەبوو کە ساموێل ئۆمتیتی بتوانێت تا ئەو کاتەی یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید لە پێکانەکەی رزگاری ببێت، بەڵام پشکنینە سەرەتاییەکان دەریان خستووە کە ئەم بەرگریکارە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە و بۆ ماوەی پێنج مانگیش لە یاریکردن دادەبڕێت.

بارسێلۆنا تا ئەو کاتەی یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید لە 28ـی ئەم مانگە، دوو یاری دیکەی قورسی لە پێشە، یەکەمیان بەرامبەر سێڤییا دەبێت لە لالیگا و ئەوەی دووەمیشیان بەرامبەر ئینتەر میلان دەبێت لە چامپیۆنزلیگ.