كۆرتوا له یه‌كه‌مین لێدوانی وه‌ك یاریزانی ریال مه‌درید چی گوت؟
به ئاماده‌بوونی فلۆره‌نتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید له باره‌گای یانه‌كه تیبۆ كۆرتوا دوای تێپه‌ڕاندنی پزشنینه پزیشكیه‌كان به‌فه‌رمی گرێبه‌سته شه‌ش ساڵییه‌كه‌ی واژۆ كرد.
له كاتی ناساندنی كۆرتوا، فلۆرێنتینۆ پێرێز سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید به‌خێرهاتنی ئه‌و گۆڵپارێزه‌ی كرد و به یه‌كێك له باشترین گۆڵپارێزه‌كانی جیهانی دانا، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه كۆرتوا دووپاتیكرده‌وه به هاتنی بۆ ریال مه‌درید خه‌ونی منداڵی بووه راستی.
پێرێز چی گوت؟
فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید له كاتی ناساندنی كۆرتوا گوتی: ریال مه‌درید به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌وڵی گه‌شه‌پێدانی وه‌رزشی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كی به‌هێزه، بۆیه هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی باشترین یاریزانه‌كان ده‌ده‌ین، ئه‌مڕۆ یه‌كێك له باشترین گۆڵپارێزه‌كانی جیهان هاتووه‌ته ریال مه‌درید و درێسێك ده‌پۆشێت كه 13 نازناوی چامپیۆنزلیگی بردۆته‌وه.
پێرێز گوتیشی: به‌خێرهاتنی باشترین گۆڵپارێزی جامی جیهانی ده‌كه‌ین، كۆرتوا بووه‌ته یه‌كێك له ئێمه كه تۆ به‌رده‌وام ئاره‌زووت بۆی ده‌كرد، مه‌درید ماڵی تۆیه و سانتیاگۆش به‌شێكه له ماڵی تۆ، به‌خێربێی .
كۆرتوا چۆن هه‌ستی خۆی ده‌ربڕی؟
كۆرتوا له یه‌كه‌مین پرێس كۆنفرانسی له باره‌ی په‌یوه‌ندیكردنی به یانه‌ی ریال مه‌درید گوتی: ئه‌مڕۆ خه‌ونه‌كه‌م به‌ده‌ستهێنا، ته‌نیا ئه‌وانه‌ی ده‌مناسن چه‌نده هه‌وڵمداوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌مه ئێره، نازانن له‌م كاته‌دا چه‌نده دڵخۆشم به په‌یوه‌ندیكردن به ریال مه‌درد، له منداڵیه‌وه تا ئه‌م ساته به خه‌ونی یاریكردن له ریال مه‌درید ژیاوم.
كۆرتوا گوتیشی: ئه‌و كاته‌ی دژی ریال مه‌درید یاریم كردووه ده‌مزانی ریال مه‌درید چۆنه، ئه‌مڕۆش به‌شێكم له‌و یانه‌یه، هه‌موو هێز و توانام بۆ پارێزگاریكردن له گۆڵی یانه‌ی خه‌ونه‌كه‌م خه‌رج ده‌كه‌م، سوپاسی خێزانه‌كه‌م و سه‌رۆكی ریال مه‌درید و هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌م كه هاوكار بوون له گه‌یشتنم به ریال مه‌درید.