سەرۆکی یانەیەکی ئەوروپی: یاریزانی رەشپێست بەختی یانەکەمان رەش دەکەن

سەرۆکی یانەیەکی ئەوروپی: یاریزانی رەشپێست بەختی یانەکەمان رەش دەکەن

K24- هەولێر

سەرۆکی یانەیەکی رۆمانی یاریزانێکی رەشپێست لە یانەکەی دەردەکات و دەڵێت 'یاریزانی رەشپێست بەختی رەش و خراپ بۆ یانەکەمان دەهێنن'.

جیجی بیکالی، سەرۆکی یانەی ستیوا بۆخارست بە لێدوانێکی هەرایەکی گەورەی لە ئەوروپا ناوەتەوە و هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سۆلی مۆنێرۆی یاریزانی گانایی یانەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە یاریزانێکی رەشپێستە و پێیوایە یاریزانی رەشپێست بەختێکی رەش بۆ یانەکەی دەهێنێت.

دوو ساڵ پێش ئەوەی گرێبەستە چوار ساڵانەییەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی پێبێت، گرێبەستی سۆلی مۆنێرۆی برا بچووکی سۆلی مۆنتاری یاریزانی پێشووی ئینتەر میلان و ئەیسی میلان هەڵوەشێنرایەوە، سەرەتا هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بۆ دروستبوونی شەڕ لە نێوان ئەو یاریزانە رەشپێستە و یاریزانێکی دیکەی یانەکە گەڕاندرایەوە، بەڵام سەرۆکی یانەکە نهێنییەکەی درکاند.

بیکالی دەڵێت 'یاریزانی رەشپێست بەختی خراپ بۆ یانەکەمان دەهێنێت، بۆیە رێگە نادەین یاریزانی رەشپێست لە یانەکەمان یاریی بکەن'.

راهێنەری یانەکە داوای لە سەرۆکی یانەی ستیوا بۆخارست کردووە، بەرگریکارێکی رەشپێستی بۆ بگوازنەوە، بۆ ئەوەی کیشەکانی دڵی بەرگری یانەکەی چارەسەر بکات، بەڵام بیکالی رەتیکردووتەوە بیر لە کڕینی هیچ یاریزانێکی رەشپێست بکاتەوە.