خۆزێ مۆرینهۆ بەفەرمی دەستی لە راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد کێشایەوە

لەوانەیە مایکل کارێک شوێنی بگرێتەوە

خۆزێ مۆرینهۆ دوای 935 رۆژ دەستی لە ئەرکی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد کێشایەوە و چیدیکە سپێشەل وەن لەسەر کورسی یەدەگی شەیتانە سوورەکان دانانیشێت.
مانچێستەر یونایتد بەفەرمی رایگەیاندووە، خۆزێ مۆرینهۆ دەستی لە راهێنەرایەتی یانەکەیان کێشاوەتەوە و سووپاسی خۆزێیان کردووە، کە لەوەتەی مایۆی 2016وە ئەو راهێنەرە پۆرتوگاڵییە بەڕێوەبەری هونەری مان یونایتدە.
دەستلەکارکێشانەوەکەی مۆرینهۆ دوای دۆڕانی مانچێستەر یونایتد بەرامبەر لیڤەرپوول هات، کاتێک لە یاریگەی ئانفێڵد رۆد شەیتانە سوورەکان بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک تووشی شکست بوون.
دەستلەکارکێشانەوەی مۆرینهۆ لەکاتێکدایە، مان یونایتد بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ لە پلەی شەشەمی پرێمەرلیگ دێت، دوای تێپەڕبوونی 17 گەڕ تووشی پێنج دۆڕان بووە، کە لەوەتەی ساڵی 1991وە یەکەمجارە مانچێستەر یونایتد لە دەستپێکی وەرز ئەوەندە خراپ بێت.
راهێنەرە پۆرتوگاڵییەکە لەم وەرزە بە کۆمەڵێک گرفتدا تێپەڕی، لە دەستپێکی وەرز بەهۆی دابین نەکردنی یاریزانی نوێ بە تووندی رەخنەی لە بەرپرسانی یانەکەی گرت و گلەیی لە یانەکەی کرد لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە، دواتر مۆۆ لەگەڵ پۆل پۆگبا پەیوەندیی تێکچوو، ئەو ناوەڕاستکارە فڕەنسییەیە کردە یەدەگ و چەند جارێکیش لە پرێس کۆنفرانسەکان رەخنەی لە ئاستی زۆربەی یاریزانەکانی گرت.
مۆرینهۆ لەگەڵ مان یونایتد 144 یاریی ئەنجام دا، 84 بردنەوە و 31 بەرامبەربونوی بەدەستهێنا و 29 یاریی دۆڕاند، لە ماوەی سێ ساڵدا خۆزێ سێ نازناوی لەگەڵ رێد دێڤڵز بەدەستهێنا، ساڵی رابردوو بوونە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ و جامی خولی ئینگلیزی و دوو ساڵ لەمەوبەریش قەڵخانی خێرخوازیی ئینگڵاندی بەدەستهێنا.
مانچێستەر یونایتد رایگەیاندووە، راهێنەرێکی نوێ دەستنیشان دەکەن بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەم وەرزە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەیان بگرێتە ئەستۆ، بەڵام تاکو ئێستا هیچ راهێنەرێک بەربژێر نەکراوە بۆ ئەوەی شوێنی جۆزێ بگرێتەوە.